ئەمریکا: هیچ بڕیارێك بۆ لێخۆشبون لە ئارادا نیە

نێردەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران رایگەیاند، حكومەتی واشنتن سزای هەر وڵاتێك دەدات كە نەوت لە وڵاتی ئێران بكڕێت و لە ئێستاشدا هیچ لێخۆشبونێك لەوبارەیەوە نیە.

برایان هوك، نێردەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا تایبەت بە كاروباری ئێران ئەمرۆ هەینی لەمیانی لێدوانێكیدا رایگەیاند "هەر وڵاتێك نەوت لە ولاتی ئێران بكڕێت، لە لایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە سزادەدرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد "سزا بەسەر سەرجەم هەناردەكانی نەوتی ئێراندا دەسەپێنین و لە ئێستاشدا سەبارەت بە نەوت هیچ لێخۆشبونێك لە ئارادا نیە و هەر وڵاتێك بە شێوەیەكی نایاسایی بەرهەمی خاوی ئێرانی بكڕێت لە سزاكان رزگاری نابێت".

هوك راشیگەیاند "ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا چاو بەو راپۆرتانەدا دەخشێنێتەوە، كە تایبەتە بەو رێژە نەوتەی ئێران كە لە ئێستادا بەرەو چین بەڕێكەوتوە".

دوشەممەی رابردو، 24ی حوزەیران دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەگرتوەكانی ئەمریكا سزای زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند و سزاكانیش هەریەك لە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئێران و چەند بەرپرسێكی دیكەی ئەو وڵاتەی گرتەوە.


PM:08:14:28/06/2019