ئاسیاسێل لەسەر نەخشاندانی تابلۆکانی سەهۆڵەکە هاتە دەنگ

كۆمپانیای ئاسیا سێل لەسەر نەخشاندانی تابلۆکانی سەهۆڵەکە رونكردنەوەیەك بڵاودەکاتەوە،رایدەگەیەنێت كە ئەو تابلۆیانەی لەسەر ئەو دیوارە دروست دەكرێت باس لە مێژوی كۆن و نوێی سلێمانی دەكات.

كۆمپانیای ئاسیا سێل لەسەر تابلۆی دیواری ڕاگری شەقامی سالم لە سلێمانی رونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و ڕایگەیاند" وێنە وتابلۆكانی دیواری ڕاگری شەقامی سالم لە سلێمانی كۆن بوبوون بۆیە لە خەمخۆری ودڵسۆزییەوە، كۆمپانیای ئاسیاسێڵ هەستا بە تەرخانكردنی بودجەیەك بۆ ئەوەی كە تابلۆی تازەی تیادا بنەخشێندرێت كە لەگەڵ ئێستادا بگونجێت". 

لە ڕوونکردنەوەکەشدا باس لەوەش دەكات كە بە ئەنجامدانی كێبڕكێیەك لە نێوان هونەرمەندان و دیزاینەرانی شارەكەمان وكوردستان بۆ نەخشاندنەكە چەندین پڕۆژەیان پێگەیشتووە و دەشڵێت "لیژنەیەك دروستكرا لە نێوان شارەوانی سلێمانی وهونەرمەندێكی دەرەوە وئەندامانی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ. لیژنەكە بڕیاریدا بە هەڵبژاردنی ئەو پڕۆژەیەی كە ئێستا لە قۆناغی دروستكردندایە لەلایەن هەردوو هونەرمەند رەئوف حەسەن حەمەئەمین و سەلیم عەزیز كەریم كە هەر ئەو دوو هونەرمەندەش بوون پێشتر دیوارەكەیان نەخشاندبوو بە وێنە وتابلۆ كۆنەكان".

ئەوەشی خستۆتەڕوو "ئەو دیزایەنە دیزاینێكی سەردەمیانەیە، وە پانۆرامای گێڕانەوەی مێژووی درستبوونی سلێمانی یە تاكو ئەمڕۆ. هەروەها چەندین ئایكۆنی شارەكەمان لەخۆدەگرێت لە یەكەم درستبونی شاری سلێمانی لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان تاوەكو درستبوونی قوتابخانەی فەیصەلیە، تاوەكو مزگەوتی گەورە، هەروەها كەسایەتی گەورە وناسراوی گەلەكەمان مەولانا خالیدی نەقشبەندی، خۆپیشاندانەكانی بەردەركی سەرای سەردەمی شێخی نەمر، هەروەها شاری جوان وەكو ئایكۆنێكی سلێمانی، چیای پیرەمەگرون وەكو ڕەمزی خۆڕاگریی شارەكەمان، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وەكو ئایكۆنێكی شارەكەمان وەكو خەونێك كە هەموومان خەونمان پێوە بینیوە، وە چەندین ئایكۆنی تر كە تەعبیر لە سلێمانی دەكات. واتە ئەم دیزاینە گێڕانەوەی مێژووی شارەكەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "لە كاتی جێبەجێ كردنی تابلۆكەدا ودروستكردنی لەلایەن هونەرمەندەكانەوە، هەندێك خەڵك ولایەن؛ هەندێكیان لە دڵسۆزییانەوە وهەندێكی تریشیان بۆ مەبەستی تایبەت كەوتنە ڕەخنەگرتن لە كارەكە لەبەرئەوەی یەكەمجار بە ئوتێلەكە دەستپێكرا. ئەوان پێیانوایە دیزاینەكە تەنها دروستكردنی ئوتێلەكە لەخۆدەگرێت، بەڵام لە ڕاستیدا وانیە. بۆیە ئێمە كۆی دیزاینەكە دەخەینە بەردەست وبڵاوی ئەكەینەوە".



PM:11:01:30/06/2019