وەزیری رۆشنبیری لەسەر باج خستنەسەر بینەرانی كەناڵەكان ڕوونكردنەوە دەدات

وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان دەنگۆی بوونی هەوڵێك بۆ وەرگرتنی باج لە هاووڵاتیان لە بەرامبەر بینینی كەناڵەكانی تەلەفزیۆن، رەتدەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت "هەر یاساو ڕێنماییەكی تازە كە پێویست بێت دەربكرێت، بەبێ ڕاوێژ و گفتوگۆی كراوە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و سەندیكای ڕۆژنامەنوسان و لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لێنادەین".

دەقی روونكردنەوەكە:

ماوەیەكە لە ژمارەیەك كەناڵی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا و لە لایەن چەند پەرلەمانتار و رۆژنامەنوسەوە، هەواڵی ئەوە دووبارە دەكرێتەوە كە گوایە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان پڕۆژە یاسایەكی ئامادەكردووە بۆ باج خستنە سەر بینینی تەلەفزیۆنەكان، ئەوەش بارگرانی دروست دەكات بۆ كەناڵەكانی تەلەفزیۆن و هاووڵاتیان.

لێرەوە من ڕایدەگەیەنم كە دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەم بابەتە بۆم دەركەوت كە ئەم هەواڵە ڕاست نییە، سەرباری ئەوەش هەموو لایەك ئاگاداردەكەینەوە كە نەك لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەكان هەوڵی جددی دەدەین بۆ فەراهەمكردنی كەشێكی گونجاو بۆ كاری ڕاگەیاندن و خزمەتكردنی هاوڵاتیان، لەهەمانكاتدا هەر یاساو ڕێنماییەكی تازە كە پێویست بێت دەربكرێت، بەبێ ڕاوێژ و گفتوگۆی كراوە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و سەندیكای ڕۆژنامەنوسان و لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لێنادەین.

ئێمە خزمەتكردن و كارئاسانی و ڕێكخستنی كاری ڕاگەیاندن بە ئەركی خۆمان دەزانین، ئەوەش ئامانجی گشتی ئێمەیە.

حەمەی حەمە سەعید
وەزیری رۆشنبیری و لاوان



PM:01:14:25/07/2019