بۆریس جۆنس: شانشینی یەكگرتوی بریتانیا دەکەین بە گەورەترینی سەر زەمین

سەرۆك وەزیرانی نوێی بریتانیا، لە یەكەمین وتاریدا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاند، یەكەمین كاری كابینەكەی بە زوویی ئەنجامگەیاندنی رێككەوتننامەی چونەدەرەوەی بەریتانیا دەبێت لە یەكێتی ئەوروپا، وتیشی "شانشینی یەكگرتوی بریتانیا دەکەین بە گەورەترینی سەر زەمین".

لە یەكەمین وتاریدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی، بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی نوێی شانشینی یەكگرتوی بریتانیا رایگەیاند "بە مەبەستی یەكبون و سەرلەنوێ بەهێزبونەوەی شانشینی یەكگرتوی بریتانیا، كارەكانمان بۆ بەئەنجامگەیاندنی رێككەوتننامەی برێكزیت بەردەوامدەبێت".

جۆنسن وتی "لە 31ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا دور لە هەمو ئەگەر و بەڵامێك لە یەكێتی ئەوروپا دەكشێینەوە، تا بتوانین شانشینی یەكگرتوی بریتانیا بكەین بە گەورەترینی سەر زەمین".


ئاماژەی بەوەشكرد "پێشبینیەكی زۆر چاوەڕوانكراوە كە لە كۆتایی 2050 دا، شانشینی یەكگرتو ببێتە خاوەنی گەورەترین و گەشەسەندوترین ئابوری لە ئەروپادا، لەكاتێكدا ئێستا لەناوەندی چەند رێككەوتنێكی بازرگانیداین".

سەبارەت بە چۆنیەتی چونەدەرەوە لە یەكێتی ئەوروپا سەرۆك وەزیرانی نوێی بریتانیا رایگەیاند "لە ئێستادا كار لەسەر پلانێك دەكرێت تا بێ رێككەوتن بریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا بچێتە دەرەوە"، وتیشی لەكاتی چونەدەرەوەمان لە یەكێتی ئەوروپا، سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیەكە كە لە ئێستادا لە بریتانیا دەژین مافیان پارێزراودەبێت".

لە وتارەكەیدا جۆنسن ئاماژەی بە پڕۆژەگەلێك كرد كە لە پلانیدا هەیە لەماوەی دەسەڵاتەكەیدا وەك سەرۆك وەزیران جێبەجێیان بكات، راشیگەیاند لەڕێگەی ئەنجامدانی چاكسازی لە كەرتەكانی تەكنەلۆجیا و كارەبا و بازرگانیدا بریتانیا بەرەوپێشتردەبەین.



PM:07:13:25/07/2019