محەمەد تۆفیق ڕەحیم لەبارەی كاندیدبوونی ڕوونكردنەوە دەدات

محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی خانەی ڕاپەڕاندن ڕایگەیاند كە یەكێكە لە كاندیدەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم و دەڵێت "نازانم ئەو بابەتە بەكوێ دەگات".

محەمەد تۆفیق ڕەحیم، لە لێدوانێكیدا بۆ "سپی" سەبارەت بە پرسی كاندیدبوونی بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم دەڵێت یەكێكە لە كاندیدەكان و نەكشاوەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئەو پرسە تا ئێستا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و بەپێی دەستوری ناوخۆیی دەبێت لەنێوان جڤاتی نیشتیمانی و خانەی ڕاپەڕاندندا یەكلایی بكرێتەوە.

پێشتر "سپی" ئەوەی بڵاوكردەوە محەمەد تۆفیق رەحیم دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی شەممەی ٢٧ ی تەموز دەمەقاڵێكی توندی لەگەڵ عومەری سەید عەلی دا دەبێت، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا رایدەگەیەنێت كە ئەو دەستی لە خانەی راپەڕاندن دەكێشێتەوە، بۆ ئەوەی خۆی كاندیدبكات بۆ كێبەركێ لەگەڵ مستەفای سەید قادر، كە كاندیدێكی تری بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ ئەو پۆستە.

رۆژی ٢٧ ی تەموز لە كۆبوونەوەی جڤات نیشتمانی گۆڕان، لە كۆی ٤٠ ئەندام،  ٣٦ ئەندامیان عومەری سەید عەلی رادەسپێرن وەك وەزیرەكان، كاندیدەكانی تری گۆڕان لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاری چاكسازی و وەكیل وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكارەكان دەستنیشان بكات، ئەویش لەیەكەم لێدوانی لە كۆبوونەوەكەدا دەڵێت" نابێت ئەندامی خانەی راپەڕاندن بۆ هیچ پۆستێك خۆی كاندید بكات، بەمەش كێشە دەكەوێت نێوان رێكخەری گشتی و محەمەد تۆفیقەوەو هەر لەوێدا ناوبراو دەستبەرداری خانەی راپەڕان دەبێت و سووربوونی خۆی لەسەر كاندیدكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دووپات دەكاتەوە. 

لە دوای كۆبوونەوەی شەممەی رابردوو و ئەو رووداوانی لە كۆبوونەوەكەدا روویان داوە، كێشەكانی نێو ئەو بزووتنەوەیە قوڵتر بۆتەوە.

محەمەد تۆفیق رەحیم زاوای نەوشیروان موستەفا، رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕانە و لە رابردوودا چەندین پۆستی باڵای لە ناو بزووتنەوەكە هەبووە.

هاوكات، یەكێك بوو لەو سەركردانەی دوای جیابوونەوەیان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ساڵی 2009 لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەك سەركردەی دیكەی پێشووی یەكێتی، بزووتنەوەی گۆڕان-یان دروست كرد.

محەممەد تۆفیق ڕەحیم (لەدایكبووی ١ی تەممووزی ١٩٥٣ لە سلێمانی) سیاسەتوانێكی كوردە. سكرتێری كاروباری ژوورەكانە، لە خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان. ئەو ئەندازیاری خوێندووە، و پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.




PM:03:18:30/07/2019