" هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا دەکات "

پەرلەمانتارێكی كورد رایدەگەیەنێت وەزیرانی نەوت و دارایی عێراق جەختیان لەسەر ئەوەكردوەتەوە كە هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە نەوت و داهاتە فیدراڵیەكان تەسلیمی بەغدا بكات. 

حەسەن ئاڵی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیێراق بە ماڵپەڕی حیزبەکەی راگەیاندووە" ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، میوانداری فوئاد حسێن وەزیری دارایی و سامر غەزبان وەزیری نەوت و سەڵاحەدین نوری سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی كرا، كە لیژنەكانی دارایی و نەوتی نوێنەران و ژمارەیەك پەرلەمانتار ئامادەبوون."

لە كۆبوونەوەكەدا وەزیرەكان باسیان لە ئەنجامی سەردانەكەی ئەمدواییەیان بۆ هەرێمی كوردستان كرد و ئەوەیان خستەڕوو كە ئەنجامی گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئەرێنییە و هەنگاوی باشنراوە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" وەزیرانی دارایی و نەوت جەختیان لەسەر ئەوەكردەوە كە بابەتی نەوت و بودجە لەنێوان هەرێم و بەغدا دەبێت بەیاسا رێكبخرێت و حكومەتی هەرێم پابەند بێت بەو رێككەوتنەی لەگەڵ بەغدا كردویەتی، هەروەها هەرێم بەپێی یاسای بودجە 250 هەزار بەرمیل نەوت تەسلیمی بەغدا بكات و لەڕێی سۆمۆوە بفرۆشرێت لەبەرامبەریشدا حكومەتی عیراق پابەند بێت بەناردنی بودجەو مووچەی فەرمانبەران".

حەسەن ئاڵی، ئاشكراشیكرد كە وەزیرانی دارایی و نەوت ئەوەشیان وت كە هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە بۆ تەسلیمیكردنی نەوت و داهاتە فیدراڵیەكان بە حكومەتی عیراق.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران روونیشیكردەوە كە دوای كۆتاییهاتنی پشووی پەرلەمان لە سەرەتای مانگی ئەیلولی داهاتوودا، حكومەتی عیراق بودجەی 2020ی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات كە لەلایەن وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانانەوە ئامادە دەكرێت.



PM:09:45:31/07/2019