هاتوچۆ بەهۆی پابەندنەبونی شۆفێرانی بارهەڵگر بە یاساوە سزایەکی نوێی دەرکرد

هاتوچۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، دەست دەكرێت بەجێبەجێكردنی سزای ئەو شۆفێرە بارهەڵگرانەی کە پابەندی یاسا نین.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا کە وێنەیەکی دەست (سپی) کەوتووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات" ئەمڕۆ شەممە 3-8-2019 دەست دەكرێت بەجێبەجێكردنی بڕیاری پابەندكردنی شوفێرانی بارهەڵگر بە ڕۆیشتن لەلای ڕاستی ڕێگا و بەخێراییەك كە زیاترینی (80) كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا بێت لە شەقامی خێرایی (120) مەتری".

ئاماژەبەوەشکراوە، پێشتر هاتوچۆی هەولێر بە بەردەوامی ئەو ڕێنماییانەی داوەتە شۆفێران، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونیان بڕیار درا بۆ لەمەودوا هەر شوفێرێك پابەندی یاساكە نەبێت بەبڕی (40000) دینار سزا دەدرێت بەپێی یاسای هاتوچۆ (ق26|ز) سەرپێچیكردنی بنەماكانی ڕۆیشتن لەشەقامی خێرا.

ڕاشیگەیاند" بەپێی بنەماكانی ڕۆیشتن، ڕۆیشتنی بارهەڵگرەكان وەكو بەهێمای هاتوچۆش دیاریكراوە بەدرێژایی شەقامەكە لەلای ڕاستی ڕێگاكەوەیە بەخێراییەك كە لە (80) كیلۆمەتر لەكاتژمێرێك تێپەڕنەكات، هەروەها بۆشیان قەدەغەیە بۆ مانۆڕی تێپەڕاندنیش لەم خێراییە دیاری كراوە دەربچن".

هاتوچۆی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە نەك تەنها كارمەندانی هاتوچۆ سزاكە جێبەجێ دەكەن، بەڵكو كامێراكانی چاودێریش خێراییەكە تۆمار دەكەن و سەرپێچیەكان تۆمار دەكەن.


PM:03:41:03/08/2019