فرۆشتنی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان قەدەغەدەکرێت

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، رێگە لەهێنانی ئاژەڵ بۆ ناو شار و فرۆشتنیان لەسەر شەقامەكانی سلێمانی دەگرێت.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانی بە میدیاکانی نزیک یەکێتی ڕاگەیاندووە، هەموو ساڵێك بەر لەهاتنی جەژنی پیرۆزی قوربان كۆبوونەوەیەكی هاوبەش، بە هاوبەشی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەمەبەستی خۆئامادەكردن بۆ رێگەگرتن لەهێنانی مەڕووماڵات بۆسەر شەقامەكان و چەند بابەتێكی تر ئەنجام دەدەین.

ئاشکراشیکردووە، ئێمە وەك لیژنەكان پلانی خۆمان داناوە، بەڵام سەرجەم ئەركەكان دوای كۆبوونەوەكە دابەش دەبێت و هەموو ساڵێكیش بەهاوكاری لایەنەكانی دیكە هاوكار بووین و رێگەمان لە هێنانی مەروو ماڵات گرتووە، چونكە دواترپاشەڕۆ و پیسی بەجێدەهێڵن و دوورە لەهەموو بنەما شارستانییەكان و بەپێی یاساكانی شارەوانیش قەدەغەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هاووڵاتیان بزانن كە مەراسیمی قوربانی دینییە و كۆمەڵێك بنەمای بۆ دانراوە كە لادان لێی دەبێتە هۆی قبوڵ نەبوونی قوربانییەكە، بێگومان ئەگەر بەشێوەیەكی تەندروستیش نەبێت زیانی بۆ هاووڵاـیان دەبێت، بۆیە داواكارین مسوڵمانان لەشوێنی تایبەت ئاژەڵ بكڕن.


PM:05:53:03/08/2019