بەڤیدیۆ...پۆلیسی سلێمانی كەسێكی رفێندراوی رزگاركرد

بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ وردەكاری رفاندنی هاوڵاتییەك و دەستگیركردنی تۆمەتبارانی رووداوەكە ئاشكرادەكات و رزگاركردنی رفێندراوەكەش ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ یەك شەممە لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاماژەی بەوەكردووە "كاتژمێر 1:30 ی‌ شەوی‌ رابردوو هاوڵاتییەك پەیوەندی‌ بە مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ فریاكەوتنەوە دەكات كە ئۆتۆمبێلێك لە جۆری‌ (شۆفرلێت - تاهۆ - رەنگ رەش) تەقەی‌ لە ئۆتۆمبێلێك كردووە لە جۆری‌ (تویتا - كامری - رەنگ سپی‌) و دواتر شۆفێرەكەی‌ رفاندووە".

ڕاگەیەندراوەكەی پۆلیس ئەوەی خستووەتەڕوو "مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ فریاكەوتن ئۆتۆمبێلە تاهۆكەیان دۆزییەوە، لە شەقامی‌ 60 مەتری‌ بەرەو شەقامی‌ پاركی‌ ئازادی‌ دوای‌ كەوتن ‌و داوای‌ خۆڕادەستكردنیان لێكرد، بەڵام شۆفێرە تۆمەتبارەكە خۆی‌ رادەست نەكرد و بەرەو چوار ریانی‌ سەرچنار دەڕۆیشت بە تەقەكردن لە هێزەكەی‌ پۆلیس، دواتر لە بەردەم چێشتخانەی‌ شكار بازگەیەك بۆ دەستگیركردنی‌ تۆمەتبارەكە دانرا، بەڵام تۆمەتبار بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە خۆی‌ كێشا بە ئۆتۆمبێلی‌ مەفرەزەكەی‌ پۆلیسدا و بەوهۆیەوە چەند كارمەندێكی‌ پۆلیس برینداربوون ‌و لەئێستادا باری‌ تەندروستیان جێگیرە، هەروەها زیانیش بەر ئۆتۆمبێلەكەی‌ پۆلیسی‌ فریاكەوتن كەوت، لەوكاتەدا توانرا شۆفێرە تۆمەتبارەكە و ئەو كەسەی لەگەڵیدا بوو دەستگیربكرێن و كەسە رفێندراوەكەش ئازادكرا، دەستیشگیرا بەسەر چەكێك لە جۆری‌ دەمانچە".

باسی لەوەشكردووە "ئەو هاوڵاتییەی‌ رفێنرابوو، سكاڵای‌ یاسایی لەسەر تۆمەتبارەكان تۆماركردووە، تۆمەتبارەكان خەڵكی‌ شاری‌ سلێمانیین".

بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ راشیگەیاندووە "لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبار (ب، ع، ع)  و (م، ع، ج) بە فەرمانی‌ دادوەر راگیراون‌ و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".




PM:03:30:04/08/2019