"گواستنەوەی هێزی پێشمەرگەو زێرەڤانی بۆ ناوچەکانی نزیک پەکەکە بەبێ ئاگاداری سەرۆکی هەرێم بووە"

لە دوو هەفتەی رابردوو لە چەند کاتێکی جیاوازدا چەند یەکەیەکی تایبەتی پارتی و چەند هێزێکی پێشمەرگەو دژە تیرۆر و زێرەڤانی بەچەکی قورسەوە لە ناوچەکانی موسڵ و دهۆک و هەولێرەوە گواسترانەوە بۆ ناوچەکانی سەرسنور لەگەڵ پەکەکە کە ئێستا لە شەڕێکی قورسدایە لەگەڵ تورکیا، بەپێی زانیاریەکانی سپی، هەموو ئەو هێزانە بەبێ ئاگاداری سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی نێردراون.

بەپێی هەندێک زانیاری کە لەچەند سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، لە هەفتەی رابردوودا بەتایبەتی دوای رووداوی کوشتنی بەرپرسێکی تورک دوو هاولآتی کورد لە ریستورانتی " هۆقە " لە ١٧ ی تەموزدا لە هەولێر، دوای ئەو رووداوە تێکچوونی پەیوەندیەکانی پارتی و پەکەکە بە ئەندازەیەکی مەترسیدار، پارتی چەند یەکەیەکی سەربازی جیاجیای رەوانەی ناوچەکانی دهۆک لەسەرسنور لەگەڵ تورکیا کردووە، بەپێی زانیاریەکانی سپی، تێکڕای ئەو هێزانە بەبێ ئاگادر سەرۆکی هەرێم نێردراون کە بەپێی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆک هەرێم فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانەو دەسەلآتی جوولآندنی هێزی هەیە.

سەبارەت بەو هێزانەی پارتی کە نێردراون بۆ ئەو ناوچانەی شەڕی پەکەکەو تورکیا لە پارێزگای دهۆک و هەولێر و، بەرامبەر ناوچەکانی پەکەکە دانراون، لەوانە چەند یەکەیەکی زێرەڤانی و دژە تیرۆر و هێزی تایبەتی سەرۆکایەتی پارتی و بەشێک لە سووپای شەشی پارتی، هەموو ئەو هێزانەی کە گواستراونەتە بۆ ئەو ناوچە سنوریانە بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی بووەو، نە نێچیرڤان بارزانی ئاگای لێبووە، نە پرسیش پێکراوە.( وەک سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ دەکات ).

سەرچاوەکەی سپی پێیوایە پارتی هەر لە کوشتنی ( زەکی شەنگالی ) سەرکردەی پەکەکەوە لە ناوچەی شەنگال لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیاوە، بۆتە بەشێک لە شەڕ دژی پەکەکەو، پیشبینی دەکات لە ئایندەیەکی نزیکدا پارتی بە تەواوی ببێت بە بەشێک لە شەڕی تورکیا لەگەڵ پەکەکەو کۆمەکی سەربازی راستەوخۆی تورکیا بکات لە کۆنترٶلکردنی ناوچەکانی خواکورک و برادۆست و قەندیل.




  
 

PM:11:35:07/08/2019