ئۆجەلان چاوی بە خێزانەکەی کەوت

ئەمڕۆ دوشەممە، بنەماڵەی ئۆجەلان لەگەڵ خانەوادەی دەستگیركراوانی دیكە و پارێزەرانیان بەرەو دورگەی ئیمرالی بەڕێكەوتن.

بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، هاوكات لەگەل دوەمین رۆژی جەژنی قورباندا ئەندامانی بنەماڵەی عەبدوڵا ئۆجالان و پارێزەرەكەی لەگەڵ بنەماڵەی دەستگیركراوەكانی دیكەی دورگەی ئیمراڵی بە بۆنەی جەژنەوە بەرەو ئەو دورگەیە بەڕێكەوتن.

هەریەك لە محەمەد ئۆجالان، برای عەبدوڵا ئۆجالان و برای زیندانیكراو هامیلی یڵدرم و ژمارەیەك كەسی دیكە هاوشان لەگەڵ مەزڵوم دینچ، پارێزەری ئۆجالان پاش وەرگرتنی رەزامەندی لەلایەن بریكاری گشتی توركیا لە بورسا بە مەبەستی چاوپێكەوتن لەگەڵ ئۆجەلان سەرەتا چونە بنكی جەندرمەی گیوملیوك، پاشان چونە زیندانی ئیمراڵی.

ئەوە لەكاتێكدایە لەمیانی سەردانیكردنەكەدا، بریكاری گشتی توركیا رێگەی نەدا عەبدوڵا ئۆجەلان چاوی بە مەزڵوم دینچ-ی پارێزەری بكەوێت.


PM:04:09:12/08/2019