"عومەری سەید عەلی لەسەر کاندیدکردنی مستەفای سەید قادر نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێم کردووە"

رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی رۆژی ١٧ی ئاب نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێم کردووەو ناوی مستەفای سەید قادری وەک کاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم دەستنیشانکردووە.

هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا لە میدیاکانەوە هەواڵی کاندیدکردنی مەستەفای سەید قادر، بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بڵاوکرایەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ ٢١ی ئاب کە رۆژنامەی " زەمەن "ی نزیک گۆڕان ئەو هەواڵەی بڵاوکردەوە هیچ میدیایەکی نزیک ئەو بزووتنەوەیە بەفەرمی و نافەرمی هیچ زانیاریەکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردۆتەوە.

ماوەی مانگێک زیاترە لەسەر دانانی جێگری سەرۆکی هەرێم ناکۆکی گەورە لە نێوان حەمە تۆفیق رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕاندن و عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبوو، ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندنی بە ئاشکرا لە کۆبوونەوەی مانگی پێشووی جڤاتی نیشتمانی رایگەیاند کە خۆی کاندید دەکات بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم و، هەر دوای کۆبوونەوەکەش باسی لەوە کرد کە کەس لە گۆڕان خۆی کاندید نەکردووە بۆ ئەو پۆستە، هەرچەندە بە نافەرمی بەدرێژای ماوەی دوای هەڵبژاردنی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨ ناوی مستەفای سەید قادر وەک کاندیدی گۆڕان بۆ ئەو پۆستە دەهات. 



AM:10:18:21/08/2019