لەسەر دەستیگیرکردنی رۆژنامەنووسەکەی رۆژنیوز سکاڵای یاسایی دژی ئاسایش تۆماردەکرێت

ڕێکخراوی زار بۆ بەرگریی لە ئازادییەکان و ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس، پارێزەر و چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی، لەسەر شێوازی دەستگیرکردنی بڕیار محەمەد، پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز، سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیان کرد و سکاڵای یاساییان دژ بە ئاسایشی هەولێر تۆمار کرد.

بەهزاد موحسین، ئەندامی ڕێکخراوی زار بۆ بەرگرییکردن لە ئازادییەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند ئەم کابینەیە بە سەرەتایەکی ترسناکی تۆمار کردووە.

ئەو کە  ڕاگەیەندنی رێکخراوی زاری خوێندەوە، ئاماژە بە دەستگیرکردنی بڕیار محەمەد کرد وتی" ئەم هەڵسوکەوتەی ئاسایش بەرامبەر بڕیار محەمەد"ی هاوکارمان لە دەرەوەی یاسایە، گەر ناوبراو لە شوێنێک یاساشکێنی کردبێ، دەبوو ئەم کەیسە ڕادەستی پۆلیس کرابا، پێویستە ئەم حکومەتە نوێیە جیا لەوانەی پێش خۆی، چیتر کەیسی سیاسی و ئەجێندای سیاسی بە هێزی یاسا یەکلا نەکاتەوە".

ڕێکخراوی زار، ڕاشیگەیاند:"ئەم ڕەفتارەی ئاسایش بەرامبەر "بڕیار محەمەد" و دەسگیرکراوانی ئەم ماوەیەی تەواوی ڕۆژنامەنووس و چالاکانی مەدەنیی بە کەیسێکی یاسایی ناناسین و ئیدانە و شەرمەزاری دەکەین".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، بەبیر هێندرابووەوە، کە"مانگێک لەمەوبەر هەمان ڕەفتار لە لایەن ئاسایشەوە بەرامبەر "زوبێر برادۆستی"ی ڕۆژنامەنووس ئەنجام درا و ماوەیەک پێشوتریش خەڵکانێک لەسەر بیروڕای سیاسی دەسگیر کران و تا ئێستا سەرەداوێک لە کەیسەکەیان دیار نییە".

باس لەوەش کرابوو"ئەم حکومەتە نوێیە بەم ڕەفتارانەی سەلماندی، کە لەڕووی ئازادیی و پانتایی ڕاجیایی، نەوەک هەر لەوانەی پێش خۆی جیا نییە، بەڵکو تۆخکەرەوەی سەرکوتکەریی و بەرتەسککەرەوەی چالاکییە مەدەنییەکانە".

بڕیار محەمەد، ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانە، دەبو سەندیکا پێش هەمو لایەک خاوەندارێتیی ئەم کەیسەی کردبا، بەڵام وەک هەمیشە شەرمیان لە ناوەکەی خۆیان نەکرد و سەندیکاکەیان خستەوە باوەشی هەژموونی دەسەڵات".



PM:10:44:24/08/2019