د.هادی عەلی: دەبێت دامەزراوە دەستوریەكان مەرجەع بن

د.هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێكهێنانی ئەنجومەنێك بۆ حیزبەكان بە پێویست نازانێت و دەشڵێت " ئەو دامەزراوە دەستورییانەی كە هەن لەهەرێمی كوردستاندا ئەوانە دەبێت مەرجەع بن و بەهێز بكرێن".

د.هادی عەلی، لەبارەی ڕای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەسەر دروستكردنی ئەنجومەنێك بۆ حیزبەكان دەڵێت "تا ئێستا بەفەرمی یا نافەرمی هیچ لایەنێك نەهاتووە ئەم باسە لەگەڵ سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بكات بەڵام وەك بۆچونی خۆم لێرەدا قسەبكەم ئەوەیە كە ئێستا پێكهاتەی دامەزراوەكانی سیستمی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا هەمووی هەیە لە پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم هیچ بۆشاییەكی دەستوری نابینرێت كە لەدەستوردا جێگای بۆ بكرێتەوە تا دامەزراوەیەكی تری بۆ دروست بكرێت، لەبەر ئەوە ئەسڵ ئەوەیە ئەو دامەزراوە دەستورییانەی كە هەن لەهەرێمی كوردستاندا ئەوانە دەبێت مەرجەع بن و بەهێز بكرێن."

ئەو وتانەی هادی عەلی لەكاتێكدایە ڕۆژی سێ شەممە محەمەدی حاجی مەحمود ڕایگەیاندبوو" پێكهێنانی ئەنجومەنێك بۆ كۆكردنەوەی حیزبەكان گرنگە چونكە هەندێك حیزب هەیە لەناو حكومەت نە لەناو پەرلەمان نوێنەرییان نیە."

بەڵام د.هادی عەلی دەڵێت" ئەوە بابەتێكی ترە دەكرێت حیزبەكان بەشێوەیەك لەشێوەكان بۆ نمونە لەگەڵ سەرۆكی هەرێم دا، كاتێك سەرۆكی هەرێم داوای كۆبونەوەیەكی حیزبەكان بكات ئەوكات هەموو حیزبەكان كۆببنەوە ئەگەر پێویستی كرد یا حیزبەكان لەنێوان خۆیاندا دەكرێت كۆببنەوە، كۆبونەوە زۆر زەحمەت نیە لەو بارەیەوە، ئەوە بابەتێكە ئەوەش كەباسی مەرجەع بون و ئەنجومەنێك بكرێت كە كاكە حەمە باسی كردووە بابەتێكی ترە و دەبێت لەچوارچێوەی دەستوردا جێگای بكرێتەوە تا ئێستا شتێك نیە كە لەناو دەستوردا جێگای بكرێتەوە من بۆ خۆم بە پێویستیشی نازانم. چونكە ئێستا دامەزراوەی دەستوری هەمووی بە تێر و تەواوەتی لەكوردستاندا هەیە، دەبێت لەڕێگای ئەم دامەزراوانەوە هەموو كێشە و شتەكان یەكلایی بكرێتەوە."

سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەوەشی وت" خۆی كەموكوڕییەك لە سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستاندا هەیە ئەویش ئەوەیە كە سەرۆك حیزبەكان نەچونەتە ناو پەرلەمان یا حكومەت ئەسڵ ئەوەبوو بەوە ئەو كێشانە چارەسەر دەكرێت كە سەرۆكی حیزبەكان خۆیان ڕاستەوخۆ لەپەرلەمان بن یا لەحكومەت بن ئەوكاتە ئەگەر سەرۆكی حیزبەكان خۆیان لەپەرلەمان یا حكومەت بن ئەوكات ئەو بۆشایی و كێشانە لەوێش چارەسەر دەبێت."

د.هادی عەلی وتیشی"تا ئێستا هیچ لایەنێك بەشێوەی ڕاستەوخۆ هەتا ناڕاستەوخۆش ئەو پێشنیارەی نەخستۆتە بەردەم سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەگەر پێشنیار كرا تاوتوێی دەكەین بەڵام وادەزانم بۆچونی یەكگرتووش هەمان بۆچونی من دەبێت".



PM:02:45:05/09/2019