ئەندامێكی لیژنەی دارایی: هەرێم و بەغدا نزیكن لە ڕێككەوتن

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت وەفدێكی هونەری حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات و "مەبدەئیەن نزیكن لە ڕێككەوتن".

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی  عێراق، سەبارەت بە پرسی بوودجە و نەوتی هەرێم و ئەگەری ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا بە "سپی" ڕاگەیاند "بەپێی ئەو زانیاریانەی لە حکومەتی هەرێم بڵاوکراوەتەوە ناوی ئەندامانی وەفدەکەیان ناردووە بۆ بەغداد، کە تیایدا تاوتوێی پرسی بوودجە و نەوت و ماددەی ١٤٠ و ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێم دەکرێت".

وتیشی:  لەسەر مەلەفی نەوت و بودجە ئاستەنگ زۆر ماوە، پێویستە بە وردی چارەسەری ئەم ئاستەنگانە بكرێت.

جەختیشیكردەوە هەرێم 24 ملیار دۆلار قەرزدارە و دەبێت لەو ڕێككەوتنەدا حسابی بۆ بكرێت، بەڵام تا ئێستا نازانرێت وەڵامدانەوەی بەغدا چی دەبێت بۆ داوا و پێشنیارەكانی هەرێم، بەڵام وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە ئەوان مەبدەئین لەگەڵ هەرێم ڕێككەوتوون تەنیا ووردەكاری ماوە ئەویش بە لایەنی هونەری دەسپێردرێت.

هاوكات ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەیی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران و پشکی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی "سپی" ڕایگەیاند " پێشبینی ناکرێت کە حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێم ڕێک بکەون، حکومەتی هەرێم داوایی رادەستکردنی سەرجەم پشکی کۆمپانیاکان و قەرزەکان لە حکومەتی عێراق دەکات، حکومەتی عێراقیش داوایی زیاتر لە کورد دەکات".

هەر سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەو ئەندامەی لیژنەیی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "سپی" ڕاگەیاند، حکومەتی عێراق داوایی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، گەر هەرێم نەوتیان ڕادەست نەکات مووچە نادەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە بڕیارە وەفدێکی حکومەتی ھەرێم سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عیراق کۆببێتەوە، وەفدەکەی ھەرێم پێکھاتوە لە " وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان و كستوكاڵ و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای حکومەت".
پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی دەی ئەمساڵ پڕۆژە یاسایی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بچێتە پەرلەمانی عێراق.






PM:01:25:11/09/2019