بڵێسە جەبار فەرمان: دروست کردنی ئەنجومەنی سیاسی باڵای حزبەکان دەستوری و یاسایی نیە

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و هاوکات ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت : بەگوێرەی یاسا پەیرەو کراوەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە پەرلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری هیچ دامەزراوەیەک تر شەرعیەتی نیە و نابێ.

بڵێسە جەبار فەرمان لە نوسینێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە بەپێی دەستوری هەمیشەیی عیراق حزب نابێتە جێگرەوەی دامەزراوە فەرمیەکان، حزبەکان لە رێگای فراکسیونەکان و نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانیان و نوێنەرەکانیان لە حکومەت, بەژدارن لە بڕیاری سیاسی لە کوردستان و هیچ پێویست بە ئەنجومەێکی تری دروست کراو ناکات کە بێجگە لە دۆزینەوەی پۆست و شوێن هیچی تر نیە".

دەشڵێت: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڕوای تەواوی بە سیستێمی پەرلەمانی هەیە و خەبات دەکات بۆ باشتر چەسپاندنی ئەو سیستێمە، بیڕۆکەی ئەنجومەنی باڵای حزبە سیاسیەکان دژ بەو ئامانجەیە

جەختیشدەکاتەوە "دامەزراوەیەکی لەو شێوەیە دەمانگەرێنێتەوە بەرەو دواوەو بۆ سەردەمی بەرەی کوردستانی، هەموو حزبەکان و کەسی یەکەمیان جێگای رێزی زۆر و تەقدیرن, بەڵام نابێت کەسمان لەسەروی یاساوە بین".

دەشڵێت: حزبەکان دەبێت لەبری دروست کردنی دامەزراوەیەکی لەو جۆرە هەوڵی نوسینەوەو پەسەندکردنی دەستوری هەمیشەی هەرێم بدەم و لەرێگای ئەو دەستورەوە پەرلەمان و حکومەت و بەهیزتر و پتەو تر بکرێن.

AM:11:41:13/09/2019