قائیمقامیەتی سلێمانی: دەست‌ بەسەر برنجی خراپبوودا گیرا

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بڕێكی زۆر برنج لەناودەبات، پسپۆڕێكی خۆراكیش هاوڵاتیان لەبرنجی خراپبوو ئاگاداردەكاتەوە‌.

بەگوێرەی‌ ڕاگەیەنراوێكی‌ قائیمقامیەتی‌ سلێمانی‌ بڕێك برنج بەهۆی خراپ عەمباركردنیەوە ئەسپێی هەڵهێنابوو، بەشێكیشی‌ بەهۆی بەسەرچونی ماوەكەیانەوە لەچەند ماركێت و دوكانێك دەستیان بەسەردا گیراوە، دەشڵێت "بڕی برنجە دەستبەسەردا گیراوەكان لە(750) كیلۆگرام زیاترەو لەجۆرەكانی (سوڵتان، مەرجان، دۆلفین، فاخرو تایلەند)‌یە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبون لەناودەبرێت و خاوەنەكانیشیان ڕوبەڕوی ڕێكاری یاسایی دەكرێنەوە".

سەبارەت بەو خۆراكە مادانەی خراپ دەبن یاخود ماوەكەیان بەسەردەچێت لەشكر حەمید پسپۆڕی بواری‌ زانستی خۆراك ئاماژە بەوەدەكات، "ئەو خۆراكانەی بەهۆی‌ خراپ عەمباركردن و بەرزی پلەی گەرمی شوێنەكەوە خراپدەبن بەها خۆراكیەكەیان لەدەستدەدەن و شیاوی خواردن نامێنن و پێویستە لەناو ببرێن".

وتیشی"بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەكۆگاكانی عەمباركردن یەكێكە لەهۆكارە سەرەكیەكان بۆ خراپبونی خواردەمەنیەكان پێشئەوەی ئەوماوەی كە بۆی دیاریكراوە‌ بەسەربچێت، لەخواردەمەنیە وشكەكاندا دەبێتە هۆی دروستبونی مێروو كە زیان بەتەندروستی ئەوكەسە دەگەیەنێت ئەوجۆرە خواردەمەنیە خراپبوە‌ دەخوات".

داواش لەهاوڵاتیان دەكات لەكاتی كڕین و بازاڕكردندا بەوریاییەكی زیاترەوە‌ ئاگاداری ئەو خۆراكانەبن كە دەیخۆن، "دڵنیابنەوە لەوادەی‌ دروستكردن و بەسەرچونی‌ هەروەها بەهۆی بەرزی پلەی گەرما لە‌كۆگاكان خۆراكە وشكەكان مێروو تێی نەداون پاشان‌ بیكڕن و بەكاریبێنن".


PM:02:33:15/09/2019