لەگەڵ بڕیاری داخستنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، ئەو دەنگانە زیاتر دەبن کە داوا راوەستانی ئەو بڕیارە دەکەن، یەکێک لەو دەنگە دیارانەی داوای راگرتنی ئەو بڕیارە دەکەن، د. فایق گوڵپی دکتۆر و ئەندامی خوولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان.
لە پۆستێکدا لە کاونتی خۆی، بەناونیشانی " با نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی دانەخرێت" د. فایەق گوڵپی نووسیوویەتی " فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی بریاری دا، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی دابخات، تەنها نەخۆشخانەی شار وەک نەخۆشخانەی فریاکەوتن دەمێنێتەوە، نەخۆشخانەی شاریش بە تەنها دەرەقەتی وەرگرتن و چارەسەرکردنی هەموو نەخۆشیە کتوپڕیەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی نایەت، ئەو کاتە کێشەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی کتوپڕ، زۆرتر و فراوانتر دەبن".
گوڵپی دەپرسێت و دەڵێت "ئەمە سیاسەتی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە؟ یان سیاسەتی کۆمپانیا و نەخۆشخانە تایبەتەکانی کوردستانە بۆ روتاندنەوەی زیاتری خەڵکی کوردستان".
چەند رۆژێکە فەرمانی داخستنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی لە رۆژەڤ گەرمە، ئەمەش بۆتە مایەی ناڕەزایی ژمارەیەکی بەرچاو پزیشک و کارمەندو خەڵک دژی ئەم فەرمانە وەستاونەتەوە.