فیگەن یوکسەکداغ: بەگرتنێک دڵیان ئارامیی نەگرت


ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ٢٧ ی ئەیلولی ٢٠١٩ کە ١٥یەمین دانیشتنی دادگاییكردنی‌ فیگەن یوکسەکداغ لە ١٦یەمین دادگای سزای قورسی ئەنقەرە دەستیپێکرد، له‌وته‌یەكیدا له‌به‌رده‌م دادگا، یوکسەکداغ ڕایگەیاند" بەگرتنێک دڵیان ئارامیی نەگرت، دوجار ئێمەیان گرت، ٢٢ جاری تریش بمانگرن ڕاستییەکان ناگۆڕێت".

فیگەن یوکسەکداغ  ڕایدەگەیەنێت: ئابڕوچونێکی سیاسی ڕویدا، ئەو دۆسیەیەی من لەسەری گیراوم، جاری دووەمە دەگیرێم، ئەوە ئەزمونی یەکەمە تاقی دەکەینەوە، گرتنی دووەم نمونەی ئەوەیە، من‌ و دەمیرتاش ڕۆژێک بەپەلە دادگایی کراین‌ و بڕیاری ده‌ستگیرکردنی دووەممان بۆ دەرچوو، نیوەی ژیانمان لەزیندان، لەژوری سیستمی ڤیدیۆیی بەسەر دەبەین، پێمان وابوو ئەمڕۆش شتێکی نەرێنی ڕوبدات، چونکە لەزیندان دۆخێکی نائاسایی هەبوو، پرەنسیپەکانی مافی بنەڕەتی پێشێلکران. 

فیگەن یوکسەکداغ ئەوەشی خستەڕوو: كه‌ لەتورکیا ئەندامانی دادگا گەیشتونەتە ئەو ئاستەی ناتوانن ئەو دۆخە ڕاڤە بکەن، کاتێک بڕیاری گرتنیان بۆ دام، من دەموت کاتیان پێداوم، بەڵام لەتەلەفزیۆنەکان لەژێرنوسەکاندا بینیم کە نوسرابوو فیگەن یوکسەکداغ‌ و سەلاحەدین دەمیرتاش بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچوو. 
 
فیگەن یوکسەکداغ لەدایکبووی ١٩٧١ لە ئادانا، کەسایەتی سیاسیی چەپی تورکیایە و لەوەتەی ٢٠١٤ەوە شانبەشانی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان، فیگەن چالاکوانی مافی ژنان بووە و سەرنووسەری گۆڤاری ژنانی سۆسیالیست بووە، لەساڵی ٢٠١٠ حیزبێکی سۆسیالیستی داەدەمەزرێنێت لە تورکیا دوای چوونە ناو پارتی گەلان حیزبەکەشی دەچێتە پاڵ پارتی گەلان "هەدەپە".   
لەمانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ وە فیگەن یوکسەکداغ ‌و سەڵاحەدین دەمیرتاش‌ و ژماره‌یه‌ك پەرلەمانتاری دیکەی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە ده‌ستگیركران‌ و تائێستا له‌زینداندان. 






PM:11:29:27/09/2019