پاسەوانی سەرکردەیەک بەدەستی هاوڕێیەکی خۆی کوژرا



لیوا عەبدولحەزیز بن بەداح ئەلفەغەم، پاسەوانی تایبەتیی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای شانشینی عەرەبستانی سعودیە، لە ماڵی هاوڕێیەکی لە شاری جەددە، کوژراوە.

ئاژانسی هەواڵیی سعودیە واس ڕایگەیاند" کە عەبدولعەزیز بەداح ئەلفەغەم شەوی ڕابردوو شەممە ٢٨ ی ئەیلولی ٢٠١٩ لە ماڵی هاوڕێیەکەی خۆی، لەگەڵ کەسێکی دیکە، کە ئەویش هاوڕێی بووە، بووەتە دەمەقاڵێی و دواتر ئەو هاوڕێیەی چەند گوللەیەکی لێ داوە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە عەبدولعەزیز گیانی لەدەستداوە".

هاوکات بەهۆی تەقەکانەوە، جگە لە برینداربوونی ئەو پاسەوانە تایبەتییەی شا سەلمان، دوو کەسی دیکە، کە یەکێکیان برای خاوەن ماڵەکە بووە و ئەوەی دیکەش خزمەتکارێکی فلیپینی بووە، بریندار بوون.

ئەو پاسەوانە تایبەتییەی شا سەلمان، پێشتر پاسەوانی تایبەتیی شا عەبدوڵڵای شای پێشووتری سعودیە بووە و لە ساڵی ٢٠١٧ شدا بە فەرمانی شا سەلمان، بەشێوەیەکی تایبەت پلەکەی بۆ لیوا بەرز کراوەتەوە.  














AM:10:31:29/09/2019