سەركۆ ئازاد: بەغدا مووچەی هەر 9 مانگەكەی وەزارەتی پێشمەرگە دەنێرێت

بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان هۆشداری بە بەرپرسانی هەرێم دەدات و دەشڵێت "حكومەتی عێراق بەڵێنی ئەوەیداوە كە داهاتوویەكی نزیكدا مووچەی هەر 9 مانگەكەی وەزارەتی پێشمەرگە بنێرێت".

سەركۆ ئازاد بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندوە، كات لەبەرژەوەندی هەرێم نییە و پێویستە لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكبكەوێت.

بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی، حكومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە مووچەی مانگانەی هێزەكانی پێشمەرگە بنێرێت،بۆ ئەو مەبەستەش، وەزیری بەرگری عێراق داوای لیستی میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە و هەرێمی كوردستانیش لەم هەفتەیەدا لیستی میلاكیان بۆ دەنێرێت.

ئەو پەرلەمانتارە بە میدیای یەکێتی وتووە، حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە لە داهاتوویەكی نزیكدا مووچەی هەر 9 مانگەكەی وەزارەتی پێشمەرگە بنێرێت، كە دەكاتە 612 ملیار دینار.


PM:05:14:29/09/2019