نەتەوە یەکگرتوەکان داوا لە عێراق دەکات داخوازی خۆپیشاندەران لە رێگای هێزی ئەمنییەوە وەڵام نەدرێتەوە




ئەمڕۆ شەممە ٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند" داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین رێگری لە مافی خۆپیشاندان نەکات و بەدەم داواکاری خۆپێشاندەران بە تایبەت رەخساندنی هەلی کارەوە بچێت". 

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵیت" داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین داخوازی خۆپیشاندەران لە رێگای هێزی ئەمنییەوە وەڵام نەدرێتەوە و مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپیشاندەران لەسەر بنەمای پێوەرە نێوەدەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بێت".  

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەربەنەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشخراوەتەڕوو: بەکارهێنانی چەکی ئاگرین و گوللەی پلاستیکی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان رەتدەکەنەوە و داواش دەکەن لێکۆڵینەوە لە هەموو حاڵەتەکانی کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی شەفاف بکرێت. 

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان دەشڵیت: نیگەرانن لە دەستگیرکردنی لانیکەم سێ رۆژنامەنووس لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا و راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە وڵاتدا، چونکە ئەوە بەشێکە لە رێگریکردن لە دەربڕینی ئازادی و گەشتن بە زانیارییەکان. 

لە رۆژی چوار شەممە ٢ی تشرینی یەکەمەوە بەغداو ژمارەیەک پارێزگای باشووری عێراق خۆپیشاندانی گەورەی بەخۆوە بینیووە، ئاژانسە جیهانییەکان کە پەیامنێریان لە زۆربەی شوێنەکانی عێراق هەیە، ئاشکرای دەکەن کە ئەم خۆپیشاندانە گەورەترینە لە دوای رووخانی رژێمی سەدامەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە.




.
 


ئه‌م بابه‌ته ‌94 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:36:05/10/2019