فەڕەنسا پشتیوانی لە خۆپیشاندانی ئاشتیانەی هاوڵاتیانی عێراق دەکات



ئەمشەو شەممە ٥ ی تشرینی یەکەم وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بە پێویستی دەزانن مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ناڕازیی شارەکانی عێڕاق گونجاوبێت و پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراقیش بۆ گەشەپێدانی دۆخی وڵاتەکە دەکات".

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕاشیگەیاند: فەڕەنسا پشتیوانی لە خۆپیشاندانی ئاشتیانەی هاوڵاتیانی عێراق دەکات و داواش لە حکومەتی عێراق دەکەن چارەسەری دۆخی دەورەدراو بە کاری توندوتیژی لە ناو خۆپیشاندانەکاندا بکات.

هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرا: پاریس پشتیوانی لە هەوڵەکانی بەغداد بۆ گەڕانەوەی ئارامی و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵات و گەشەدان بە پرۆژەکان کە لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدایە دەکات. 

لە رۆژی چوار شەممە ٢ی تشرینی یەکەمەوە بەغداو ژمارەیەک پارێزگای باشووری عێراق خۆپیشاندانی گەورەی بەخۆوە بینیووە، ئاژانسە جیهانییەکان کە پەیامنێریان لە زۆربەی شوێنەکانی عێراق هەیە، ئاشکرای دەکەن کە ئەم خۆپیشاندانە گەورەترینە لە دوای رووخانی رژێمی سەدامەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە. 

بەپێی نوێترین ئاماری كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان تا ئێستا گەیشتوەتە  ١٠٠ کوژراو و چوار هەزار بریندار، تا ئێستاش ٥٥٥  خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە.
 


PM:06:15:05/10/2019