ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامن



ئەمرۆ چوارشەممە ٩ی تشرینی یەکەم ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازی بەرگری گشتی بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاند و بەرپرسیاریەتی رودانی هەر کارەساتێکی مرۆیی لە رۆژهەڵاتی فورات خستە ئەستۆی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەمریکا و روسیا.

لەڕاگەیەندراوێکدا ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند" سوپای تورکیا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان هەڕەشەی هێرشکردنەسەر ئیدارەی خۆسەر دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش هێزێکی زۆرمان لەسەر سنور کۆکردوەتەوە و بانگەوازی بەرگری گشتی رادەگەیەنین و لەگەڵ گەل و ئیدارەی خۆسەر بە تەواوی دامودەزگاکانییەوە دەچینە سەر سنوری تورکیا بۆ روبەڕوبونەوەی هێرشەکان و بەرگرییەکی ئەخلاقی دەکەین لەم کاتە هەستیارەدا".

لەڕاگەیەندراوکەدا ئاماژەبەوەشکرا: نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا و روسیا و ئەو وڵاتانەی کاریگەریان لەسەر دۆخی سوریا هەیە، بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و ویژدانیان دەکەوێتە سەر بەرامبەر رودانی هەر کارەساتێکی مرۆیی.

بەیاننامەکەی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا لە کاتێکدایە تورکیا هێزێکی زۆری لەسەر سنور کۆکردوتەوە و دەخوازێت هێرش بکاتە سەر هەسەدە، کە لە ئێستادا نزیکەی پێنج ملیۆن هاوڵاتی لە ژێردەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەردا دەژین و هەزاران چەکداری داعش و خێزانەکانیان لە زیندانەکانی رۆژئاواد گیراون. 
 


PM:12:05:09/10/2019