مانگی سووری کورد: ٤٤ هاوڵاتی لە ناوچە جیاوازەکانی باکوری سوریا شەهیدبوون


رێکخراوی مانگی سوری کورد، کە لە بواری گەیاندنی هاوکاری بە کەسانی لێقەوماو و ئاوارەکاندا کار دەکات ڕایگەیاند" بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانەوە دوێنێ شەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە ناوچە جیاوازەکانی ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان ٤٤ هاوڵاتی سڤیل شەهیدبوون و ١٠٠ کەسیش برینداربوون".

ڕێکخراوی مانگی سووری کورد ئەوەشی خستەڕوو: هەر دوێنێ شەممە لە لایەن گروپە چەکدارەکانیشەوە "گروپی أحرار الشرقیه‌"ەوە دەستڕێژی گولـلە لە هەفرین خەلیفە، هاوسەرۆکی شاری رەقە و هەشت هاوڵاتی دیکە کراوە و بەهۆیەوە شەهیدبوون. 

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان بە دەیان وڵاتی ئەورووپی و عەرەبی ئیدانەی ئەو هێرشەی تورکیایان کردووە و وڵاتانی (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، نەرویج، هۆڵەندا و بەلجیکا) بەهۆی ئەو هێرشانەوە بڕیای قەدەغەی فرۆشتنی چەکۆچۆڵیان بە تورکیا داوە. 

هەروەها ئۆپەراسیۆنی تورکیا و هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات لە ناوچەکانی سەر سنووری رۆژئاوای کوردستان لە رۆژی٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەستیپێکرد و، تاوەکو ئێستاش سەرەڕای دژایەتیی ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیهان، تورکیا سوورە بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە. 


AM:09:44:13/10/2019