" سێ بەرپرسی باڵای تورکیا سزادەدرێن "


بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند" فەرمانێکی سەرۆکایەتییان بەدەستگەیشتووە بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر تورکیا، کە ئەمریکا سزای بەسەر سێ بەرپرسی باڵای تورکیادا سەپاند".

لە ڕاگەیەندراواەکەی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا هاتووە، سزاکانی ئەمریکا سێ بەرپرسی باڵای تورکیای گرتوەتەوە، کە لە نێویاندا وەزیری بەرگریی و وەزیری وزەی تورکیا هەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیشکردەوە: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات مەترسیی خستوەتە سەر مەدەنییەکان، هەروەها کامپەینی دژ بە داعشی لاوازکردوە. 

هاوکات سزاکانی ئەمریکا بۆسەر تورکیا لەکاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو سەرۆكی ئەمریكا لە تیوتێکدا رایگەیاند" کە بەمزووانە بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر لێپرسراوانی ئێستا و پێشووی توركیا دەردەكات"

هەروەها ترەمپ روونیشیكردەوە كە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ لەناوبردنی ئابووری توركیا، ئەگەرهاتوو سەرانی ئەو وڵاتە بەردەوامبن لەسەر ئەو رێگە مەترسیدار و كاولكارییەی گرتوویانەتەبەر.

نۆی ئەم مانگە سوپای تورکیا بە پاڵپشتی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئاسمانی و دواتریش زەمینی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات دەستپێکردوە، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" دایە.
 


AM:08:42:15/10/2019