ساڵح موسلیم: تورکیا چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە

ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەیەدە رایدەگەیەنێت، كە بەڵگە هەیە توركیا لە رۆژئاوای كوردستان چەكی قەدەغەكراوی بەكارهێناوە، دەشڵێت "زۆرشت لەناو ئەو ڕێککەوتنە دو قۆڵیەی ئەمەریكا و توركیا هەیە کە قبوڵ نەكراون و گەلی ئێمە رەتیدەكاتەوە".

ساڵح موسلیم بە "دەنگی ئەمریكا"ی رایگەیاندوە، كە مەبەستیان لە قبوڵكردنی ئاگربەست لەگەڵ توركیا ئەوە بووە دەرفەت بۆ دانیشتن و رێككەوتن بڕەخسێت بەڵام توركیا پێشێڵی ئاگربەستەكەی كرد. 

راشیگەیاند: دوای ئەوەی ئەمەریكاو توركیا بە دووقۆڵی ڕێككەوتن، زۆر شت لەناو ئەو ڕێككەوتنە ھەیە كە قبوڵ نەكراون و گەلی ئێمە رەتیدەكاتەوە. 

دەربارەی هەبوونی بەڵگە لەسەر ئەوەی ئاخۆ توركیا لەهێرشەكانیدا چەكی فسفۆڕی قەدەغەكراوی لە دژی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بەكارهێنابێت، ساڵح موسلیم رایگەیاند: بەڵێ ئێستا لەھەندێ شوێن بەڵگە ھەیە و پزیشكەكانیش ئاماژەیان پێكردووە، بەڵام لەسەرووی ئەمەش، ئێمە دانپێدانانی پزیشكیی نێودەوڵەتیمان دەوێت و داوای هاوكاریشیان لێدەكەین. 

موسلیم جەختیشكردەوە: ئێستا بەشێك لەو بریندارانە براونەتە دەرەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بابەتە بوەستن تا بزانن چ جۆرە چەكێك بەكارھاتووە. 

ئەوەشی كە لەبەردەست پزیشكەكانی ئێمە ھەیە تا ئێستا نەسەڵمێنراوە، چونكە ئەو ئامێرانەی كە لەبەردەستدا ھەن وەك پێویست نین، بۆیە ئێمە بانگەوازمان ئاراستەی پزیشكانی نێودەوڵەتی كردووە تاكوو بێن پشكنین و لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكەن. 

لەبارەی رێكەوتنەوەیش لەگەڵ ئەمەریكا و توركیا باسی لەوەكردوە، " ئێمە پێشتریش دەمان زانی ئێمە ڕێگەماندا ئاگر بەست قبوڵبكەین بۆ ئەوەی دەرفەت بدات بۆ دیالۆگ بۆ دانیشتن بۆ ڕێككەوتن و گفتۆگۆ ئاگر بەستمان قبوڵكرد بەڵام دوای ئەوەی توركیا و ئەمریكا ڕێككەوتن زۆر شت ھەیە لەناو ئەو ڕێككەوتنە قبوڵنەكراون گەلی ئێمە رەتی دەكاتەوە پێویستە ئەم بابەتانە لێك جیابكرێنەوە كاتێك ئێمە ئاگر بەستمان قبوڵكرد بۆئەوەی دیالۆگ بكرێت ڕێگای دیالۆگ بەكاربێنن بەڵام ئێستە توركیا قبوڵی ناكات توركیا نەیھێشتووە ئاگربەستەكە سەربگرێت".

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەیەدە ئەوەی خستەڕوو توركیا پابەندی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ ئەمریكا نیە، لەو ڕوەوە وتی" ئێستا كەس نیە ھێزی ئەمریكیش نیە ھێزەكانی ئەمریكا كشاونەتەوە بەڵام پێویستبو چاودێری ھەبوایە بیزانیایە كێ پابەندی ئاگربەستەكە ئەبێت كێ پابەند نابێت بۆیە هیچ چاودێریەك نیە لە ئێستادا."

ساڵح موسلم ئەوەشی وت" لەدوای ڕێككەوتنەكەی توركیا و ئەمریكا شەڕ و هێرشەكانی توركیا نەوەستاوە ھەندێك سست بوە لەهەندێك شوێنی دەرەوەی سەرێكانی و تلئەبیەز، بەڵام بڵێی ڕاوەستاوە ڕا نەوەستاوە بەردەوام توركیا ھێرش دەكەن بەڵام لەگەڵ ئەمریكا چیان ھەیەو چی لەنێوان ئەواندایە نازانم ئەوە بە ئێمە ناڵێن."

PM:04:08:21/10/2019