جێفری: بەڵگەمان دەستکەوتووە کە هێزەکانی تورکیا تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە

جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بەڵگەیان دەستکەوتوە کە هێزەکانی تورکیا لەمیانەی هێرشەکەیاندا بۆ سەر کوردانی سوریا تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا وتی "بەڵگەیەکی دیارمان نەبینی لەسەر ئەنجامدانی پاکتاوی نەژادی لەلایەن تورکیاوە، بەڵام ڕاپۆرت هەن لەسەر کۆمەڵێک ڕووداوی زۆر کە بە تاوانی جەنگ دادەنرێن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، تاوتوێی ئەو ڕاپۆرتانە دەکەن و داوایان لە تورکیا کردووە رونکردنەوەیان لەسەر بدات، بەرپرسانی ئەمەریکاش لێکۆڵینەوە لەو هەواڵانە دەکەن کە تورکیا لە هێرشەکانیدا فۆسفۆڕی سپی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە.

ئیلیەت ئەینجڵ، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە دەستپێکی دانیشتنەکەیدا رایگەیاندوە، "چۆن ئەمریکا توانیویەتی بەم ئەندازەیە ناشرین و خراپ مامەڵە بکات، کە لەگەڵ هیچ بەهایەکماندا یەک ناگرێتەوە".



AM:10:18:24/10/2019