ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق گەیشتە ٦٣ کەس


ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماری قوربانییەکانی  خۆپیشاندانەکانی دوو رۆژی رابردووی عێراقی بڵاوکردەوە و دەڵێت" زۆرترین خۆپیشاندەر لە پارێزگای زیقار کوژراون، کە ١٥ خۆپیشاندەر بوون". 


کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" زۆرترین خۆپیشاندەر لە پارێزگای زیقار کوژراون، کە ١٥ خۆپیشاندەر بوون و دوای ئەویش شارەکانی میسان ١٤ کوژراوە، دیوانییە ١٢ کوژراوە، بەغدا ١٠ کوژراو، بەسرە حەوت کوژراو، بابل چوار کوژراو و موسەنناش یەک کوژراو".


هەروەک کۆمسیۆنەکە لە بەیاننامەکەدا ئەوەشی خستۆتەڕوو: ژمارەی بریندارانیش بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە دوو هەزار و ٥٩٢ کەس. 


کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماژەی بە سووتاندن و وێرانکردنی ٨٣ بارەگای حکوومی و حزبی و میلیشیاکانیش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، کردووە.


رۆژی هەینی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
 


PM:12:11:27/10/2019