مستەفا بالی: ئەمەریكا و روسیا بەرپرسن لە رژانی خوێن و ئاوارەبونی خەڵك

مستەفا بالی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" رایدەگەیەنێت سەرەڕای رێككەوتنی ئاگربەست توركیا بەردەوامە لەسەر هێرشەكانی ئەمەریكا و روسیاش بەرپرسن لە رژانی خوێن و ئاوارەبونی خەڵك.

مستەفا بالی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە تویتەری خۆیەوە بڵاویكردوە "رێككەوتنی ئاگربەست هێشتا بەركارە، كە دەبێت هێزەكانی هەسەدە لە سنورەكان بكشێنەوە و توركیاش هێرشە دوژمنكارانەكانی بوەستێنێت، بەڵام هێشتا گوندەكانی ترپەسپی و تەل تەمەری سەر بە پارێزگای حەسەكە، رووبەڕووی هێرشی توند دەبنەوە، تەنانەت توركیا هێرش دەكات سەر ئەو ناوچانەش كە رادەستی سوپای سوریا كراون".

وتەبێژی هەسەدە جەخت دەکاتەوە لەوەی  توركیا نیەتی نییە هێرشەكانی رابگرێت، روسیا و ئەمەریكا بەرپرسن لە رژانی زیاتر خوێن و ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی، كە ئێستا ناچارن ماڵەكانیان لە تەل تەمەر بە جێبهێڵن.

ئەمەش لەكاتێكدایە، سوپای توركیا و چەكدارەكانی  بەردەوامن لە هێرش بۆسەر ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گوندەكانی گرێسپی و زڕگان و تەل تەمەری سەر بە پارێزگای حەسەكە و تۆپباران دەكەن و تەنها پێنج کیلۆمەتر دورن لە تلتەمرەوە و بەرپرسانی هەسەدەش دەڵێن: مەترسیی كۆمەڵكوژیی لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە هەیە.

PM:06:48:30/10/2019