داوای داخستنی کەناڵی جەزیرە دەکرێت


داخرانی کەناڵی جەزیرە، مەرجێکی سەرەکی وڵاتانی سعودیە، ئیمارات و بەحرێنە، بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ قەتەر و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئەم وڵاتە، هاوکات لە بەرامبەر داخستنی کەناڵی جەزیرە ئەمیری قەتەر هەڵوێستی خۆی وەردەگرێت و دەڵێت" کەرامەت و سەروەری ئێمە هێڵی سوورە. رێگە بە کەس نادەین ئەو مافەمان لێ زەوت بکات".


ئەمڕۆ شەممە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لەیادی ٢٣ ساڵەی دامەزراندنی ئەم کەناڵە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەرڕایگەیاند" کەرامەت و سەروەری ئێمە هێڵی سوورە. رێگە بە کەس نادەین ئەو مافەمان لێ زەوت بکات. کاتێک بە من دەڵێن، کەنالی جەزیرە دابخەن، مێژوو لە چەند دەیەی دواتر لە سەرمان تۆمار دەبێت".


ئەمیری قەتەر لەبەشێکی تری پەیامەکەیدا جەختیشیکردەوە:  ئەو کات دەگوترێ چەمکی ئازادی لە ناوچەکە چی بە سەر هاتووە و چۆن گۆڕاوە، بە هیچ شێوەیەک دەنگ بە داخستنی ئەم کەناڵە نادەین.


كەناڵی جەزیرە لە ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوەو لەلایەن حكومەتی قەتەر پشتیوانی دەكرێت و یەكێكە لە كەناڵە پرۆفیشناڵەكانی جیهان و یەكەم كەناڵە لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەرووی زۆری بینەرەوە، زۆربەی بێژەرو پێشكەشكارە بەناوبانگەكانی كەناڵی جەزیرە هەڵگری ناسنامەی بەریتانین لەوانە ( فەیسەڵ قاسم و ئەحمەد مەنسورو جەمیل عازر و چەندینی تر ). 


هەروەها لە ٥ی ٧ی ٢٠١٧ەدا ماڵپەری ” رای الیوم ” بڵاویكردەوە: بارەگای سەرەكی كەناڵی جەزیرە لەگەڵ كارمەندان، دەرهێنەرو ستافی بەڕێوەبردنی كەناڵەكە دەگوازرێنەوە بۆ شاری لەندەن ، چونكە وڵاتانی كەنداو پلانیان داناوە بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە قەتەرو كەنالی جەزیرە كراوەتە ئامانج و پێدەچێت ڕوبەڕوی هێرش و پەلاماردانیش ببێتەوە.


هاوکات لەساڵی "٢٠٠٣" یشدا چەند سەرۆك هۆز و ئەمیرێكی كەنداو پێشنیاریان بۆ سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی بەریتانیا (تۆنی بلێر) كردبوو كە بەر لە شەڕی عێراق بارەگای كەناڵی جەزیرە بۆردومان بكرێت. 




 


PM:04:16:02/11/2019