وێنە.. هونەرمەندێکی ناسراو گەیەندرایە نەخۆشخانە

ئەکتەری ناسراوی هەرێمی کوردستان حەمە ڕەشید هەرەس گەیەندرایە نەخۆشخانەو باری تەندروستی ناجێگیرە.

 

حەمە ڕەشید هەرەس لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا ڕایگەیاند، کە لە ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرە و لە پۆستێکیدا ئەکتەری ناسراو دەڵێت" مردن خۆشە، بەڵام بە ئازارەوە ناخۆشی ئەکات. چوار رۆژە بەردی گورچیلەی داخزیوو، ئارامی پێ نەهێشتووم.ئاگام لە هاوڕێیان نەمابوو بمبوورن.دکتۆر صدیق حەمە عەزیز صاڵح کە قوتابی خۆم بوو، سەرپەرشتیاری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شارە، فریام کەوت و، چنگی ئازاری لە هەناوم کردەوە، وام زانی ئەم دکتۆرە مەزنە، هەر بۆ من دلوڤان بوو، کەچی هەر هەموو نەخۆشەکانی وەك کەسی خۆی بەسەر ئەکردەوە، وەك فریشتەی خوایی پیرۆزی دەباراند بەسەر ئازارەکاندا، ئەم دکتۆرە مەزنە منی خستەوە سەر سکەی ژیان، دکتۆر گیان".

 

حەمە ڕەشید هەرەس، لە ساڵی ١٩٤٨ لە پارێزگای هەڵەبجە لە دایکبووە، لە تەمەنی ٨ ساڵیدا هاتوونەتە سلێمانی، خوێندنی سەرەتای و ناوەندی و ئامادەیی و پەیمانگای مامۆستایانی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٧٠ وەک مامۆستا لە شاری هەولێر دامەزارەو لە ساڵی ١٩٧٦ گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی، لە ساڵی ١٩٦٨ هاتۆتە سەر تەختەی شانۆو یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی شانۆیی کوردی سەردەم، کە ئەو کات شانۆکاران لە پەنجەی هەردوو دەست تێپەڕی نەدەکرد، هاوکات لە ساڵی ١٩٧٤ بۆ ١٩٧٥ بێژەری ڕادیۆی شۆڕشی ئەیلوول بووە.

 

هاوکات خاوەنی سێ کچە بەناوەکانی "شایی و شێنێ و شانۆ"، هەروەها لە زۆربەی گۆڤارو سایتەکاندا بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسینی بڵاوکردۆتەوە. 

 

 

 



PM:10:39:08/11/2019