ناوەرۆكی كۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی

كۆبوونەوەی بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كۆتایی هات و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا كرا.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكە بوو بە رۆژنامەنووسانی وت "لە كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێم و سەرۆك كۆمار باس لە ھەموار كردنەوەی دەستووری عێراق كرا، ئەوە خرایەڕوو كە ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ھەموار كردنەوەی دەستوورە بە جۆرێك باشتربێت لەوەی كە ئێستا ھەیە و خزمەتی زیاتری گەلانی عێراق بكات".

هاوكات ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "بەگشتی گفتوگۆ لەبارەی دوو تەوەر بوون، كە بریتی بوون لە ھەموار كردنەوەی دەستووری عێراق و خۆپیشاندانەكانی ئێستای عێراق".

وتیشی "تەوەرێكی دیكە كە قسەی لەبارەوە كرا، ھاوپەیمانی كوردستانی بوو، كە گرنگە فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق ھاودەنگ و ھاوھەڵوێست بن، بەتایبەتی لەسەر ھەمواركردنەوەی دەستوور".

PM:02:34:13/11/2019