شاسوار عبدولواحید: تا کەی ئەم دۆخە قبوڵ دەکرێت

شاسوار عبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: هەموو مانگێک داهاتی هەرێمی کوردستان دوو هێندەی موچەیە، کەچی وا سێ مانگی موچەی خەڵک پاشەکەوت دەکرێت.


دەقی بەیاننامەکە: 

 

هەموو رژێمە دیکتاتۆرەکان پێیانوایە بۆ هەتا هەتایە حوکم دەکەن، تا ئەو بەرەبەیانییەی لە خەو هەڵدەستن و دەبینن خەڵک راپەڕیوە، یان شۆرش دەستیپێکردوە. ئەوسا دەزانم کۆتاییان هاتووە.

 
لە لوبنان لەسەر دانانی (0.0006)سەنت باج لەسەر نامەی وەتسەپ شۆڕش دەستیپێکرد(کە ئەم باجە بڕێکی زۆر زۆر کەمە).
لە ئێران لەسەر گرانبوونی سوتەمەنیی دەستیپێکرد.

 
پێشتریش لە تونس، بە هۆی خاوەن عەرەبانەیەکەوە دەستیپێکرد کە خۆی سوتاند و شۆشێک و ئاگرێکی کردەوە، چەندیین وڵاتی تریشی گرتەوە.

 
لە هەرێمی کوردستانیشدا، پاشەکەوتی موچە بەردەوامە، نەبوونی خزمەتگوزاریی بەردەوامە، بێباکیی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە خەڵک و هاوڵاتییان بەردەوامە. هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە ئەمساڵ (واتە ساڵی ٢٠١٩) بەردەوام پارەی بەغداد هاتووە و نەوتی خۆمان فرۆشتوە و داهاتی ناوخۆشمان بووە بە سێ هێندە. واتە داهاتی یەک مانگی هەرێم سەروو ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا تەنها (٧٠٠ ملیۆن دۆلار)مان پێویست بوو بۆ موچە.

 
واتە هەموو مانگێک داهاتی هەرێمی کوردستان دوو هێندەی موچەیە، کەچی وا سێ مانگی موچەی خەڵک پاشەکەوت دەکرێت.
تا کەی ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت؟ تا کەی ئەمە قبوڵ دەکرێت؟

 
دڵنیا بن زۆری نەماوە بۆ تەقینەوە و خەڵک بێدەنگ نابێت، تەنها ئیرادەی دەستەجەمعیی دەوێت و پێویستە ئامادە بین بۆ پشتیوانیی یەکتر. هەموومان ئەوە دەیبینین کە چۆن داهاتوو وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە.

 
چاوەڕوان بن.

 
شاسوار عەبدولواحید



PM:07:00:18/11/2019