وەزارەتی دارایی داوای زانیاریی فەرمانبەرانی گرێبەست لە فەرمانگەکانیان دەکات

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بە نوسراوی فەرمی داوا لەسەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان دەکات لەماوەی سێ رۆژدا زانیاریی تەواویان لەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ بنێرێن.

لە نوسراوێکی فەرمیدا کە ئیمزای ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی لەسەرە و ئەمڕۆ سێشەممە بە ژمارە (533) ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی کردوە، داوای کردوە لەماوەی سێ رۆژدا زانیاریی تەواویان لەسەر سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ بنێرێت.

بەگوێرەی نوسراوەکە زانیارییە داواکراوەکان لەسەر ناوی سیانی و رەگەز و لەدایکبون و بڕوانامە و رۆژی دەستبەکاربون و ساڵانی کارکردنی فەرمانبەرە بەشێوەی گرێبەست.

رۆژی شەشی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست بەشێوەی هەمیشەیی دابمەزرێنێت، دوای بڕیارەکەش فەرمانبەرانی گرێبەستیش داوایان کرد هاوشێوەی مامۆستایان فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەربکرێت.

PM:04:15:19/11/2019