شاندی حکومەتی هەرێم گەیشتە بەغدا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغداد و بەگوێرەی زانیاریەکان نزیکن لە ڕێککەوتن.

 

بەپێی زانیارییەکان، کەمێک پێش ئێستا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتووە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، خالید شوانی وەزیری هەرێم و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بەمەبەستی گەیشتن بەڕێککەوتن سەبارەت بە پرسی بودجە و نەوت گەیشتنە شاری بەغدا.

 

دوێنێ سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا وتی" لە میانەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، رێككەوتن كراوە كە هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات و ئەوانیش پشكی بودجەی هەرێم بە تەواوی رەوانە بكەن و هەروەها بە هیچ شێوەیەكیش بەشەبودجەی هەرێم تێكەڵ بە سیاسەت نەكرێت".

 

هاوکات جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ دوای کۆبونەوەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی هەرێم بۆ بەغدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" شاندەکە ئەو پڕەنسیپانەی خستەڕو کە لە ئەنجامی سەردانەکەی گەڵاڵە بون و دەبنە بنەمای رێککەوتنی کۆتایی پرسی پڕۆژە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بەجۆرێک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردولا رەچاو بگیردرێت و مافە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابینبکرێت کە لە دەستوردا هاتوە لە بەرامبەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان".

 

 

 
 

 

 

 


AM:09:56:25/11/2019