عەفرین.. تەقینەوەیەک ڕوویدا

بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩  تەقینەوەیەک لە سەنتەری شاری عەفرین ڕوویدا، هاوکات لە شاری باب-یش تەقینەوەیەک ڕوویدا.

 

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن" تەقینەوەکەی عەفرین لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە گەڕەکی ئەشرەفیە ڕوویداوە، بەڵام ئەنجامی تەقینەوەکە ڕوون نەبووەتەوە".

 

هەروەها بەپێی زانیارییەکان، تەقینەوەکەی شاری باب-یش لە ناوندی شار و لە نزیک نەخۆشخانەی فارابی ڕوویداوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیە چەند کەسێک برینداربووە.

 

عەفرین شارێکی ڕۆژاوای کوردستانە، کە کەوتۆتە پارێزگای حەلەب. ئەم شارە لە سنووری باکووری ڕۆژاوای سووریا و لە ناوچەیەکی کوێستانی بە ناوی کرمانج هەڵکەوتووە، بەرزترین کێوی ئەم مەڵبەندە، کێوی ھەوارەیە، کە بەرزییەکەی لە ئاستی دەریا ١٢٠٠ مەترە، دانیشتووانی عەفرین کوردن و بە زمانی کوردیی باکووری قسە دەکەن، زۆربەی خەڵکی ئەم ناوچەیە موسڵمانی شافعین. لە چەند گوندی ئەم ناوچەیە زەردەشتی و عەلەویش نیشتەجێن.

هاوکات شاری باب سەر بەو ناوچانەیە کە لەلایەن سوپای تورکیاو گروپە چەکدارەکانەوە  لەساڵی ٢٠١٦ وە دەستی بەسەردا گیراوە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٩ی تشرینی یه‌که‌مى ٢٠١٩وه‌ سوپاى تورکیا ئۆپه‌راسیۆنى بۆ سه‌ر ڕۆژئاواى کوردستان ده‌ست پێکردووه‌، که‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان که‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و زیاتر له‌ ٣٠٠ هەزار که‌س ئاواره‌ بوون، کە بەوهۆیەوە دۆخی ئەمنی شارەکانی رۆژئاڤا جێگرنیە.




PM:12:33:28/11/2019