حزبی دەعوەی ئیسلامی و ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی داوای سازدانی كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان دەكەن

ئەمڕۆ هەینی ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩  لە دوای وتاری مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لە نەجەف هەریەک لە حزبی دەعوەی ئیسلامی و ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی، داوای سازدانی كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان دەكەن و بەپێویستی دەزانن، داواكارییەكانی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێ‌ بكرێن.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا حزبی دەعوەی ئیسلامی ڕایگەیاند" پێویستە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا، جێگرەوەیەك بۆ حكومەتی ئێستا بدۆزرێتەوە كە لەئاستی خواست و داواكارییە نیشتمانییەكاندا بێت، هۆشداریشیدا لە داخزانی وڵات بەرەو جەنگی ئەهلی و شەڕی ناوخۆ".

 

حزبی دەعوەی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە" كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەش بكەن كە خەسڵەتی بەهێزی و دڵسۆزی و پیشەوەریی و بێخەوشی تێدابێت، و لەسەر ئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتی جێگەی ڕەزامەندی بێت، تا حكومەتێكی بەهێز دروستبكات و داواكاریی و داخوازییەكانی ئەم قۆناغە بەجێبگەیەنێت".

 

هاوکات لای خۆشییەوە عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" داوا لە پەرلەمان دەكەین، كۆبوونەوەیەكی بەپەلە سازبكات بۆ جێبەجێكردنی وتارەكەی مەرجەعیەت".

 

عەمار حەکیم داوای لە لایەنە دادوەرییەكانیش كردبوو، لێكۆڵینەوەیەكی بەپەلە لە  ڕووداوەكانی نەجەف و زیقاردا ئەنجام بدەن كە تێیدا زیاتر لە ٤٠ كەس كوژران و ٥٠٠ كەسی تر برینداربوون.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ هەینی مەرجەعیەتی باڵای شیعەكانی عێراق سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق رایگەیاند" پێویستە ئەوانەی هێرشدەكەنە سەر ماڵ و سامانی گشتی سزابدرێن و دەستبەجێ  پەرلەمان چاو بە حكومەتی ئێستادا بخشێنێتەوە".

 

هەروەها حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عیراق نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی عه‌لی سیستانی، گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی ئاینی عیراق کرد و تییدا هاتووە" سبه‌ینێ شه‌ممه‌ ڕێککەوتی ٣٠ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٩ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی په‌رله‌مانی عیراقدا متمانه‌ له‌حكومه‌تی ئێستای عیراق بسه‌نرێته‌وه‌".

 

كه‌مێك له‌مه‌وپێش عادل عه‌بدولمه‌هدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگه‌یاد" ئاماده‌م ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مان بكه‌م".

 

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت، وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر رووداوه‌ خوێناوییه‌كانی پارێزگاكه‌ی و كوژران و برینداربوونی زیاترله‌ ٢٨٢ كه‌س له‌ یه‌ك رۆژی خۆپیشاندانه‌كاندا، شه‌وی رابردوو عادل ده‌خیلی، پارێزگاری زیقار ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌.


 

 


PM:04:35:29/11/2019