حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆخی کارەبای هەرێمى تاووتوێکرد

ئەمڕۆ چوار شەممە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبۆوەو بڕیاردا بۆ باشترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، پشتیوانى لە پڕۆژی پێوەری زیرەک بۆ کارەبا بکات.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە" گفتوگۆ دەربارەی دوایین دەرئەنجامەکانی دانوستانى نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کراوە تایبەت بە پڕۆژەبودجەی ٢٠٢٠".

 

ئاماژە بەوەشكراوە: ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە داكۆكیكردنی لە ماف و شایستە داراییە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە و شاندی هەرێمیشی راسپاردووە كە بەردەوام بێت لە هەوڵەكانی تا پەسەندكردنی ئەو رێككەوتنەی لە گەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ كراوە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەرێگەی هەماهەنگیكردن لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان و فراكسیۆنەكانی دیكە.

 

هاوکات لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆی دەربارەی دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان و گرفت و ئاستەنگەکانی کرد. وەزیری کارەبا کەمال محەمەد ساڵح راپۆرتێکی بەرفراوانی بە داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی بەرهەمهێنان و خەرجییەکانی کارەبا و کێشە و ئاستەنگەکان و سەرپێچییەکانی بواری کارەبا خستەڕوو.

 

لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هەموو هەوڵێک بخاتەگەڕ بۆ باشترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانی پڕۆژی پێوەری زیرەک بۆ کارەبا دەکات بە جۆرێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا بێت. رێوشوێنی تووندیش بەرامبەر سەرپێچیکاران و ئەوانەی زیادەڕۆیی بۆ سەر تۆڕی کارەبا دەکەن دەگرێتەبەر.

 
 


,



PM:05:55:04/12/2019