ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق لەبەرز بوونەوەدایە

بەهۆی فراوانبوونی خۆپیشاندانەكانەوە لە شاری بەغدا ٦ خۆپیشاندەر کوژران.

 

ئەم شەو هەینی ٦ی کانوونی یەکەمی٢٠١٩ کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند"هێزە ئەمنییەكانی عیراق، تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی ناڕازی كردووە لە بەغداد لە نزیک گۆڕەپانی تەحریر لە ئاكامدا لانی كەم شەش كەس كوژراوون".

 

هاوکات هەر ئەم شەوهێزە ئەمنییەكانی عێراق سێ مووشەكیان پووچەڵكردەوە كە بە ئاڕاستەی خۆپیشاندەرانی بەغدا دانرابوون، لای خۆشیەوە عەبدولكەریم خەڵەف وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند" مووشەكەكان لە جۆری كاتیۆشا بوون و لە دەوروبەری ناوچەی سەبعلبور بە ئاڕاستەی ناوەڕاستی بەغدا دانرا بوون".

 

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازیی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون. 

 
 
 
 


PM:09:44:06/12/2019