" سپی " چۆنێتی هەڵبژاردنی کۆسرەت رسوڵ‌و بەرهەم ساڵح‌و قوباد تاڵەبانی‌و رێواس فایەق بڵاودەکاتەوە.. پرۆسەکە بێ کێشە نەبووە

ئەمڕۆ کۆنگرەی یەکێتی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی هەڵبژارد کە کۆسرەت عەلی سەرکردایەتی دەکات، هەروەها هەریەک لە بەرهەم ساڵح و رێواس فایەق و قوباد تاڵەبانیان هەڵبژارد بە ئەندامی سەرکردایەتی، بەڵام هەڵبژاردنی گرووپی دووەم بە بێ کێشە نە چووە پێشەوە.

 

ئەمڕۆ لیژنەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی کە یەکێکە لەو لیژنە گرنگانەی کاری بۆ ئامادەکردنی کۆنگرە کردووە، دوو پێشنیار دەخاتەڕوو، یەکێکیان پێشنیارکراوە بۆ سەر کۆنگرە کە ئەنجومەنێکی سیاسی پەسەندبکرێت بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ و بە بەشداری هەشت ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی، ئەم پێشنیارە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە پەسەندکرا.

 

پێشنیاری دووەم کە لیژنەی پەیڕەو خستوویەتەڕوو بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی لە پۆستە حکومیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەوانە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان، شێخ جەعفەر مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم، خرایە بەردەم کۆنگرە کە دەنگ لەسەر ئەو سێ کانیدە بدرێت وەک ئەندامی سەرکردایەتی، بەڵام یەکەمجار ئەندامانی کۆنگرە دەنگیان پێنەداوە.

 

دواتر شێخ جەعفەر مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم پاشەکشەی کرد لە خۆهەڵبژاردن.

 

دواتر لیژنەی بەڕێوەبەری کۆنگرە کە پێکهاتووە قادر حەمەجان، ئەرسەلان بایز، دلێری سەید مەجید، مەلا یاسین، پەیمان محەمەد، لیژنەی پەیڕەو بانگ دەکەن و لە پشتی کۆنگرەوە کۆیان دەکەنەوەو بافڵ تالەبانی و لاهور جەنگیش ئامادە دەبن و، هەمووان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ئەو پێشنیارە دەبێت لە نێو ئەندامانی کۆنگرەدا تێپەڕبێت، جارێک تر لیژنەی پەیڕەو پێشنیارەکە دادەڕێژنەوە، دواتر دەیخەنەوە بەردەم کۆنگرە، ئەمجارە پەسەند دەکرێت، بەڵام کەمایەتیەک لە ئەندامانی کۆنگرە رەتیدەکەنەوە.

 

کۆنگرەی چواری یەکێتی کە ئەمڕۆ شەممە ٢١ی کانوونی یەکەم کاتژمێر ١١ لە تاسلوجە بەبەشداری ١١٠٠ ئەندام دەستی بەکارەکانی کرد، بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت و  سبەی یەک شەممە ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حیزبە کە پێشنیار کراوە ١٢١ ئەندام بێت هەڵبژێردرێت.

 


PM:08:57:21/12/2019