دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاودەبێتەوە

جارێکی دیکە دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی عێراق بڵاودەبێتەوە و سەرچاوەیەکی سیاسیی نهێنییەک ئاشکرا دەکات.

 

ئەمشەو یەکشەممە ماڵپەڕی سۆمه‌ریه‌ نیوز له‌زاری سه‌رچاوه‌یەکی سیاسی لە عێراق كه‌ ناوی نه‌هێناوە  بڵاویكردۆتەوە" د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق ئاماده‌یی ده‌ربڕیووه‌ پێش دیاریكردنی هه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كه‌ جێگه‌ی ره‌زامه‌ندیی گه‌ل نه‌بێت و گه‌ل په‌سه‌ندی نه‌كات، ئه‌و ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه‌".

 

ئەوەش لەکاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بە نووسراوێکی فەرمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە و رایگه‌یاندووه‌، ئەوان سێ بژاردەیان لەبەردەستە و داوایکردووە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کوتلەی گەورە دیاری بکات.

 

هاوکات هەر ئەمڕۆ سەركردەكانی هاوپەیمانیی بینا قوسەی سوهەیلیان بە فەرمی كاندید كرد بۆ پێكهێنانی حكوومەتی كاتیی عێراق، بەڵام دەمودەست لەلایەن هاووڵاتیانی عێراق و خۆپیشاندەرانەوە بە توندی رەت كرایەوە.

 

جێی باسە هەر ئەمشەو موقتەدا سەدر ڕێبەری سەدرییەكان بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ پشتیوانی خۆی بۆ قوسەی سوهەیل دەربڕیبوو.

 

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازیی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون. 



PM:11:48:22/12/2019