عیدانی بۆ بەرهەم ساڵح: تا ئێستاش من کاندیدی سەرۆک وەزیرانم

دوای ئەوەی دوێنێ پێنج شەممە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و وتی" ئامادە نییە ئەسعەد عیدانی کاندیدی هاوپەیمانی بینا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت رابسپێرێت". هاوکات ئەمڕۆ هەینی ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە و كاندیدی هاوپەیمانی بنیاتنان هەڵوێستی سەرۆك كۆمار بەسەیر ناودەبات و دەڵێت" تائێستاش هەر خۆی كاندیدی پێكهێنانی حكومەتی نوێیە".

 

ئەسعەد عیدانی لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند" تا ئێستا كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیم، من لەلایەن كوتلەی سائیرون و لەلایەن موقتەدا سەدرو چەند كوتلەیەكی دیكەشەوە قبوڵكراوم بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ".

 

پارێزگاری بەسرە دەڵێت" هاوپەیمانی بنیاتنان گەورەترین كوتلەی پەرلەمانە و پەیوەندارە بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، لە دوایین كۆبوونەوەشم لەگەڵ سەرۆك بەرهەم ساڵح، باسمان لە كارنامەی حكومەتی نوێ‌ نەكردووە و گفتووگۆمان لەو بارەیەوە نەكردووە".

 

وتیشی" من تووشی سەرسوڕمان بووم لە هەڵوێستەکەی سەرۆک بەرهەم ساڵح، ئەو بە فەرمی دەستیلەکارنەکێشاوەتەوە، هیچ کەسێکیشی بۆ پێکهێنانی حکومەت رانەسپاردووە و بەغدادی بەرەو  سلێمانی بەجێهێشتووە".

 

دوێنێ پێنجشەممە بەرهەم ساڵح سەرۆكی كۆماری عیراق لە نامەیەكدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە پەرلەمانی عیراق كرد و ئاشكرایكرد كە بە پێی دەستوور بۆی نییە ئەسعەد عیدانی وەك سەرۆكوەزیرانی نوێ دیاری بكات.

 

ئەسعەد عەبدولئەمیر عەبدولغەفار عیدانی ساڵی ١٩٦٧ لە شاری بەسرە لەدایکبووە.

 

بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری ئەلیکترۆنیدا هەیە لە ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٣.

 

عەبدولئەمیری باوکی شێخی گشتی هۆزی عیدانییە.

 

عیدانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەڕێوەبەری بانکی بیلادی ئیسلامیی بووە.

 

ساڵی ١٩٩١ بەشداری کردووە لە راپەڕینی ناوچە شیعییەکان لە دژی دەسەڵاتی سەدام حسێن و هەشت ساڵیش (١٩٩٥-٢٠٠٢) لە زیندانەکانی عێراقدا زیندانی سیاسیی بووە.

 

لە ئێستادا پارێزگاری بەسرە و جێگری ئەمینداری گشتی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقە.

 
 


PM:12:11:27/12/2019