مافی مرۆڤی عێراق: نزیکەی ٥٠٠ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون



خۆپێشاندانی عێراق لەناو سووربوونی هێزە سیاسییەكان لەسەر كاندیدی دیاریكراوی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیران بەردەوامە، هاوکات کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاشکرایدەکات نزیکەی٥٠٠ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند" لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان نزیکەی ٥٠٠ کەس لە خۆپشاندانەکاندا کوژراون کە ٣٣ کەسیان چالاوکوان بوون، زیاتر لە ٢٢ هەزار کەسیش بریندار بوون".

 

هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" ٦٨ حاڵەتی ڕفاندن تۆمارکراوە، ٥٧ خۆپیشاندەر ڕفێنراون و بێسەروشوێن کراون".

 

ئەمەش لە کاتێکدایە لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا دوو هەزار و ٧٠٠ خۆپیشاندەر ئازادکراون.

 

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازیی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون. 





AM:09:36:29/12/2019