پترایۆس: كوشتنی قاسم سوله‌یمانی، له‌ كوشتنی بن لادن و ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی گرنگتره‌

جه‌نه‌رالی خانه‌نشین دیڤید پترایۆس به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكی و سه‌ركرده‌ی پێشووی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فگانستان و عیراق ئه‌زموونێكی به‌رده‌وامی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی به‌رپرسی سوپای قودس –ی پاسداران و له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری فۆرن پۆلیسی كه‌ رۆژنامه‌نووسی به‌توانای ئه‌مریكی خاتوو لارا سێلێگمان له‌گه‌ڵی ئه‌نجامداوه‌، ده‌ڵێت: “دوای چه‌ند مانگێك بێده‌نگی ئه‌مریكا له‌سه‌ر هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی تاران هه‌ر له‌خستنه‌خواره‌وه‌ی فرۆكه‌ بێ فرۆكه‌وانه‌ ئه‌مركییه‌كه‌ له‌ گه‌رووی هورمز و هێرشی وێرانكه‌ری سه‌رخانی ئابوری نه‌وتی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌، كوشتنی سوله‌یمانی ناردنی په‌یامێكی ئاشكرایه‌ بۆ ئێران كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌وه‌ زیاتر رێگه‌ نادات به‌ ئیستیفزازه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئێران”.

پێیوایه‌ زیاده‌رۆیی تێدا نییه‌ كه‌ كوشتنی قاسم سوله‌یمانی له‌ كوشتنی ئوسامه‌ بن لادن سه‌رۆكی رێكخراوی ئه‌لقاعده‌ و ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی سه‌ركرده‌ی داعش گرنگتره‌، چونكه‌ سولەیمانی ئه‌ندازیار و سه‌ركرده‌یه‌كی چوستوچالاك بوو بۆ سەرخستنی هه‌وڵی ئیران له‌ پێناو كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كه‌ له‌ژێر هیلالی شیعیدا. كه‌ له‌ ئیرانه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ به‌ناو سوریادا بۆ باكوری لوبنان. ھەروەھا به‌رپرسه‌ له‌ چه‌ندین كاری ته‌قینه‌وه‌ كه‌ تێیدا زیاتر له‌ 600 سه‌ربازی ئه‌مریكی كوژراون.

باسی له‌وه‌شكرد كه‌ كوشتنه‌كه‌ی ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ك بێت ئیتر بوار نادات به‌ بەردەوامبوونی توندوتیژی و بۆردومانكردنی هێزه‌كانی و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ری.

وتیشی:”زۆربه‌ی خه‌ڵك پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ په‌رچه‌كرداری ئه‌مریكا گرنگ نییه‌ بۆ كاره‌ خراپه‌كانی پێشووی سوله‌یمانی، به‌ڵام به‌راستی گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌”.

دیڤید پترایۆس هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا كه‌ كارێكی به‌رگری له‌خۆكردنه‌، وێرای ئه‌وه‌ی هیچ كارێك به‌بێ سوله‌یمانی له‌ عیراق تێپه‌ڕی نه‌ده‌كرد. كوشتنه‌كه‌ی په‌رچه‌كردارێكی به‌جێ بوو به‌رامبه‌ر كوشتنی ئه‌و به‌ڵێنده‌ره‌ ئه‌مریكییه‌ی كه‌ له‌ كه‌ی وه‌ن له‌ كه‌ركوك كوژرا له‌ 28 دیسێمبه‌ر و به‌ ئێرانیش وترا ئیتر لێره‌دا بوه‌سته‌.

له‌به‌رامبه‌ر په‌رچه‌كداری ئێران و ئایا ئێران په‌رچه‌كداری چۆن ئه‌بێت ئه‌و ده‌ڵێت: “ئێران له‌ ئابورییه‌كی خراپ و ترسناكدایه‌، دۆخێكی فشه‌ڵی ئابوری هه‌یه‌، رۆژانه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی و كوشتار له‌ وڵاته‌كه‌یدا هه‌یه‌. له‌ هیچ شوێنێكی ئێران به‌رچاوم ناكه‌وێت كه‌ پاڵپشتی ئێران هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ جه‌نگی عیراق – ئێران خه‌ڵكی ناوخۆی پشتیوانی لێده‌كرد”.

ده‌شڵێت ئه‌بێت رابه‌ری شۆرشی ئیسلامی ئێران ئه‌وه‌ له‌به‌رچاوبگرێت هه‌ر په‌رچه‌كردارێك كۆتایی هێنانه‌ به‌ رژێمه‌كه‌ی، بۆیه‌ له‌ ئێستادا باشتره‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی دیپلۆماتی ئه‌مریكی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئیران وتووێژبكرێت. ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌وا هه‌نگاوی داهاتوو لێدانه‌ له‌سه‌رخان و ژێر خانی نه‌وتی ئێران و لێدانی هێزی سه‌ربازی.

ده‌رباره‌ی ئه‌و رێوشوێنانه‌ی كه‌ ئه‌مریكا گرتویه‌تییه‌ به‌ر به‌ ناردنی هێز و زیادكردنی هێزی به‌رگری ئاسمانی، پترایۆس پێیوایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ پێنتاگۆنه‌ ئه‌توانێت بزانێت ئاسه‌واری كرده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ چی ئه‌بێت و مه‌ترسییه‌كان كه‌مكاته‌وه‌، وێرای ئه‌وه‌ی ناتوانرێت ترسه‌كان به‌ته‌واوی نه‌هێڵرێت له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌.

كاتێك فۆرن پۆلیسی پرسیاری ئه‌وه‌ی لێده‌كات ئایا هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران له‌ناو عێراقدا كارێكی ئیستفزازی نییه‌، ئه‌و ده‌ڵێت:”دووباره‌ی ئه‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌لته‌رناتیڤ چییه‌، ئێران چی ئه‌كات؟ بیركردنه‌وە له‌ئه‌نجامی كاریگه‌رییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م دوژمنه‌ ئه‌زه‌لییه‌ كه‌ ده‌یه‌یه‌كه‌ توشمان بووه‌- له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ به‌رێوه‌به‌ری هه‌واڵگری بووم و به‌رپرسی هێزی هاوبه‌ش بووم له‌رزگاركردنی عیراق و نوێنه‌ری سه‌رۆك بووم-. بۆیه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ زۆر گرنگ بوو بۆ گێرانه‌وه‌ی به‌رگری له‌خۆكردن، و تاڕادەیەک پاڵپشتیكردنی په‌رچه‌كرداره‌كانیش گرنگ نین تائێستا”.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ش جه‌نگی سه‌رتاسه‌ری ده‌بێت؟ وتی:”به‌راستی هه‌موو لایه‌نه‌كان نیگه‌رانن به‌وه‌ی كه‌ شه‌ڕی فراوان ببێت، به‌ڵام ئه‌بێت ئه‌و نائارامی و دڵه‌راوكێیه‌ی ئێران له‌به‌رچاوبگرین له‌به‌رامبه‌ر بوونی ئه‌و هه‌موو ناره‌زایی و خۆپیشاندانانه‌ی دژی رژێمه‌كه‌ ده‌كرێن، بۆیه‌ ترسێكی گه‌وه‌ره‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئێران ئه‌م دۆخه‌ی هه‌یه‌ قبوڵی نه‌كات”.

پێشیوایه‌ پێویسته‌ ئێران رێكه‌وتن بكات. راسته‌ ده‌شێت په‌رچه‌كرداری هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌بیسترێت رژێمه‌كه‌ ئاماده‌یی تێدایه‌ رێوشوێنی بنه‌ڕه‌تی بگرێته‌به‌ر.

له‌كۆتایدا باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پێشنیازی یاسایه‌كی كردووه‌ بۆ كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر خاكی عێراق، به‌ڵام پترایۆس ده‌ڵێت:”پێموانییه‌ هه‌موو سه‌ركرده‌ عیراقییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بن چونكه‌ تا ئێستا داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر عیراق. سه‌ركرده‌ عیراقییه‌كان ئه‌یانزانی میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئیران نه‌بوون به‌سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وتن به‌ڵكو ئه‌وه‌ هێزه‌كانی سوپای عیراق و هێزی تایبه‌تی مه‌شقپێكراو بوون له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌یان تۆماركرد”.

ئه‌م بابه‌ته ‌1156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:41:04/01/2020