٨ ڕۆژ پشوو بۆ بەشێك لە فەرمانبەرانی هەرێم ڕادەگەیەندرێت


جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" پشووەکە تایبەتە بە پەروەردە مافی خوێندكارانە و وەریدەگرن".

 

بەپێی خشتەی پشووەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراوە، لە دوای تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم هەفتەیەك پشوو دەدرێتە خوێندكاران و بەپێی زانیارییەكانیش پشووەكەی سەری ساڵی نوێی حكومەت كاریگەری لەسەر پشووەكەی پەروەردە دروست ناكات.

عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە سایتی "خەڵکی" ڕاگەیاند" تاكو ئەم ساتە هیچ نووسراوێك نەهاتووە بۆ پێنەدانی پشووەكانی پەروەردە".

وتیشی" تاقیكردنەوەكانی پۆلەكانی ٤ی بنەڕەتی تاكو ١٢ی ئامادەیی لە دوێنێ سێ شەممەوە دەستی پێكردووە تاكو ١٦ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت".

ڕاشیگەیاند"  پشووەكەی خوێندكاران لە ١٧ی ئەم مانگەوە دەست پێدەكات تاكو ٢٤ی مانگ و پشووەكەش لە ساڵنامەی پەروەردە جێگیر كراوە و مافی خوێندكارە وەریبگرێت".

 

 



AM:11:21:08/01/2020