یەکێک لە زیندانییە مانگرتووەکانی تورکیا کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

ئەمڕۆ چوارشەممە یەکێک لەو زیندانیانەی کە پێشتر دژی گۆشەگیری لە زینداندا چالاکی مانگرتن لە خواردنی ئەنجامدابوو، ماوەی ٢٨ ساڵ بوو لە زینداندابوو کۆتایی بەژیانی خۆیهێنا.

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ژنانی گەبزە بۆ زیندانی بورهانیەی بالیکەسیر ڕایگەیاند" نورجان باکیر کە ٢٨ ساڵ بوو زیندانیکرابوو دوای چالاکی مانگرتن لە خواردن لە زیندان کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە و تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادوەری ڕەوانە کراوە".

 

بەپێی زانیارییەکان، نورجان باکیر تەمەنی ٤٧ ساڵ بوو تەنها دوو ساڵ مابوو ئازاد بکرێت، بەر لە کۆتایهێنان بە ژیانیشی دوێنێ لە ڕێگای تەلەفۆنەوە لەگەڵ خانەوادەکەی قسەی کردووە و بە خانەوادەکەی ڕاگەیاندووە" ئەو لەدژی زوڵم بێدەنگ نابێت و هەموو ڕۆژێک ئەو منداڵانە لە خەودا دەبینێت کە دەکوژرێن".

 

بەگوێرەی زانیارییەکان، خانەوادەی باکیر بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی بۆ شاری باڵکەسیر بەڕێکەوتوون و بڕیاڕە تەرمی باکیر لە گوندی کایاکدەرەی ناوچەی ئۆمەری میردین بەخاکبسپێردرێت.



PM:07:00:15/01/2020