سبەی پەرلەمانی کوردستان بڕیار لەسەر پرۆژە یاسای چاکسازی دەدات

بڕیارە سبەینی پێنج شەممە ١٦ ی کانوونی دووەم جارێکی تر پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پرۆژە یاسای چاکسازی لە کەشێکدا کە لیستە گەورە بەشدارەکانی حکومەت لەسەر مادەو بڕگە ناکۆکەکان رێککەوتوون و، هەرچی ئۆپۆزسیۆنیشە: یەکگرتوو  و کۆمەڵ رەخنەیان لە چەندان بڕگە هەیە، نەوەی نوێش پرۆژەکە رەتدەکاتەوە.

 


دوای چەند مانگ لە مشتومڕ و گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەی چاکسازی، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە رۆژی بڕیاردان لەسەر پرۆژەکە لەلایەن پەرلەمانەوە، دوێنی سێ شەممە ئەنجومەنی وەزیران خاڵێکی سەرەکی کۆبوونەوەی خۆی بۆ ئەو پرسە تەرخانکردو، لە راگەیەندراوێکدا کە لەدوای کۆبوونەوەکەوە بڵاوکرایەوە، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە مووچەی هیچ مووچەخۆرێکی شایستە نابڕدرێت، هەروەها حکومەت دڵنیای بەکەسوکاری شەهیدان و زیندانی سیاسی و ئەنفال و جینۆساید دەدات کە دەستکاری مووچەو شایستە داراییەکانیان ناکرێت.

 

 
دەربارەی خانەنشینی پلە باڵاکان، بەپێی زانیاریەکان، لایەنە بەشدارەکانی حکومەت گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی کە نابێت مووچەی خانەنشینی پلە باڵاکان لە ٥٠% مووچەکەی تێپەڕێت و، هەر پلە باڵایەک رێژەی ١٥% مووچەکەی وەردەگرێت لەگەڵ رێژەی مووچەو بڕوانامە، بۆ هەر ساڵێک خزمەت رێژەی ١،٥% دانراوە، بۆ بڕوانامەش رێژەی ٢% بۆ بڕوانامەی پەیمانگا، بکالاریۆس ٤%، ماستەر ٦%، دکتۆرا ٨% دانراوە.

 

 
ئەوەی تا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە کە لیستە بەشداربووەکانی حکومەت لەسەری رێکنەکەووتبن و، لەلای لیستە ئۆپۆزسیۆنەکانیش رای جیاواز هەبێت، کەمترین مووچەی خانەنشینییە لە هەرێمی کوردستاندا، کە فراکسیۆنەکان لە ٣٠٠ هەزارەوە تا ٥٠٠ هەزار پێشنیاریان کردووە.

 

 

سبەی بڕیار لەسەر راپۆرتی لیژنە پەیوەندیدارەکان و گفتوگۆکانی پەرلەمانتاران لەسەر پرسەکە دەدرێت.

 

 
ئاماژەکان بەرەو ئەو ئانجامە پێشاندەدەن کە سبەی پێنج شەممە ١٦ی کانوونی دووەم پەرلەمانی کوردستان بڕیار لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە دەدات و، پاش پەسەندکردنی لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە کە دەبێت لە ١٥ رۆژ تێپەڕنەکات، دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت و وەک ئەوانیش رایانگەیاندووە دوو مانگیان دەوێت تا یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

 


PM:10:57:15/01/2020