دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان مەترسییەکی گەورە ئاشکرادەکات


دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە درێژەی هەڵمەتەکانیدا لە هەموو کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی فرۆشتنی دەرمانی ساختە بەشێوەی ئۆنلاین بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی کێشکەمی (لاوازی)، مەترسییەکی گەورە ئاشکرادەکات و رێگریشی لێدەکات.

له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا، دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، ئاشكرایكردووە" بەشێک لە بازرگانانی قاچاخچی لەڕێی ئێرانەوە بەرهەمی ساختە هاوردەی هەرێم دەکەن، خودی بەرهەمەکان لە ئێران نافرۆشرێن بەڵام دێن لە هەرێم لە هەندێک شوێنی گیادەرمانفرۆشی و بەهاراتفرۆشی یان لەڕێی ئۆنلاین، ساغیاندەکەنەوە".

دەشڵێت" بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەکانی دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان \ بەشی چاودێریی بازاڕ لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، ئەو بەرهەمانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشکەمی و لاوازی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ریکلامیان بۆ دەکرێت، ماددەی #ستیڕۆید و #نیشاستە پێکەوەتێکەڵکراوه و بۆ مەبەستی قەڵەوکردن بە ئۆنلاین بە هاونیشتیمانییان دەفرۆشرێت".

له‌ به‌شێكی تری ڕاگه‌ێندراوه‌كه‌دا، دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان سەرپێچیکاران رادەستی دادگا دەکات، هاونیشتیمانییانیش هۆشیاردەکاتەوە کە خۆیانبەدووربگرن لە کڕین و بەکارهێنانی هەر بەرهەمێکی دەرمانسازیی بێ ستیکەر، لە هەر شوێنێکیش بەرهەمی ساختە و کواڵیتیی خراپیان بینی تیمەکانمانی لێ ئاگاداربکەنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ئاماژەی بەوەشکردووە" لەڕووی زانستییەوە؛ کۆرتیکۆستیڕۆیدەکان بۆ نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ھەوکردن و هەستەوەری بەکاردەھێنرێن، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکیش (FDA) تەنھا بۆ ئەو مەبەستە پشتگیری لە بەکارھێنانیان دەکات".

هاوکات دامەزراوەی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان ڕونیشیده‌كاته‌وه‌، کە ھیچ بەڵگەیەکی زانستیی نییە کە پیشانیبدات کۆرتیکۆستیرۆیدەکان بۆ قەڵەوبوون سەلامەتن، کۆرتیکۆستیڕۆیدەکان ئاو و چەوری لە ھەندێک شوێنی جەستە وەک ران، پەلەکان و رووخسار کۆدەکەنەوە، ئەمەش بەرەنجامی زیانەکانیانە، لە دەرمانزانیدا پێی دەگووترێت کاریگەریی لاوەکی.




AM:10:22:18/01/2020