بۆ رووبەرووبوونەوەی دابەزینی لیرە بەڕێوەبەری خۆسەر خواردنە پێویستەکان دابەشدەکات

بەڕێوەبەری خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان بەرامبەر دابەزینی دراوی سوری و قەیرانی ئابوری، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پسپۆرانی ئەو بوارە بڕیاری پێشوویان لەسەر دابەشکردنی خۆراک و پێداویستیەکانی رۆژانە بەرفراوانتر دەکەن.

ئەمڕۆ سێ شەممە ٢١ی کانوونی دووەم لە شاری عامودا بەرپرسانی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوەیەکی داخراوی درێژیان بە بەشداری چەندان پسپۆر سازکردو، دواتر بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو قەیرانە قوڵە کە ژیانی خەڵکی تەواو گرانکردووە، کۆمەڵێک بڕیاریان دەرکرد.

بەڕێوەبەری خۆسەر بڕیاری دەرکرد کە ئەوان بەردەوام دەبن لە دابینکردنی نان و دابەشکردنی سووتەمەنی، هەروەها بڕیار درا حەوت جۆر مەوادی تر کە رۆژانە هاوڵاتیان پێویستیان پێدەبێت دابەشبکات، لەوانە: برنج و شەکر، چا، رۆن، شیری مناڵ و چیمەنتۆ و ئاسن.

بەڕێوەبەری خۆسەر بڕیاری داوە دەرگا هەرێمەکە بکاتەوە بەڕووی بازرگانەکاندا بۆ هێنانی کەلوپەل و خولقاندنی کەشێکی لەبار بۆ کێبەرکێی نێوانیان بە مەبەستی دابەزندانی نرخ.

 بڕیاردراوە کۆبۆنی خۆراک کە کاری پێدەکرێت، ئاکتیڤتر بکرێت.

هەروەها لیژنەیەکی رووبەرووبوونەوەی قەیرانی دارای و ئابووری پێکهێنراوە.

ئەم هەنگاوانەی بەڕێوەبەری خۆسەر دوای ئەو دابەزین بەرچاوەی لیرەی سوری دێت بەرامبەر دۆلار ودراوە بیناییەکانی تر کە بەتەواوی نرخی شتومەکی گرانکردووەو کێشەی قورسی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە.

 


PM:01:14:21/01/2020